چوار لایه‌نی هه‌رێم هاوپه‌یمانی پێكده‌هێنن
داوای ئیداره‌ی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك

كه‌ركوك ناو چوار لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتن له‌سه‌ر دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ به‌غدا و له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق، داوای ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئاب بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی كاری هاوبه‌ش له‌ به‌غدا و په‌رله‌مانی نوێی عیراق، چه‌ند خاڵێكی رێككه‌وتنه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌. له‌ به‌یاننامه‌یه‌ی هاوبه‌شی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ رێككه‌وتون له‌سه‌ر "دروستکردنی ئیئتیلافێک بۆ هەر چوار فراکسیۆن.. و داڕشتنی کارنامەیەکی هاوبەش بۆ ئیئتیلافەکە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەرگریی کردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت". "ئەم ئیئتیلافە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا پێداگریی لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، بەتایبەتی گێڕانەوەی شکۆ و ئیدارەی هاوبەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان". هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم. داواشكراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق پێداچونەوە بە تەواوی پرۆسەی سیاسی و ئابوریی بكرێت لە قۆناغی تازەدا لەسەر بنەمای شەراکەت، سازان، هاوسەنگی، دەوڵەتی هاوڵاتی بون. ئه‌و چوار لایه‌نه كوردییه‌، پێشتر و به‌هاوبه‌شی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق به‌ گومانی ساخته‌كاری و له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌شدا له‌ 11ی ئاب پێداگرییان له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجامدانی دیالۆگێكی نیشتمانییان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ پێویست زانی. به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی عیراق، ئه‌و چوار حزبه‌ خاوه‌نی 11 كورسین له‌ كۆی 329 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك هیچ كورسییه‌كیان به‌ده‌ستنه‌هێنا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT