دادگای فیدراڵی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌سه‌ندكرد

كه‌ركوك ناو دادگای باڵای فیدراڵی، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقی په‌سه‌ند كرد و به‌پێی ده‌ستور، پێویسته‌ په‌رله‌مانی نوێ له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دوای بانگهێشتكردنیان بۆ كۆبونه‌وه‌ یه‌كه‌می دانیشتن ئه‌نجامبدات. له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئاب دادگای فیدراڵی ئاشكرایكرد، له‌ دانیشتنێكدا به‌ ئاماده‌بونی هه‌موو ئه‌ندامانی دادگاكه‌، تاوتوێی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كراوه‌. ئه‌یاس سامۆك، وته‌بێژی دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت دوای وردبینی له‌و ناوانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ له‌گه‌ڵ تانه‌ و ناڕه‌زاییه‌كان، بڕیاریدرا به‌ په‌سه‌ندكردنی ناوی په‌رله‌مانتارانی نوێ. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن، كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری به‌رێوه‌یانبرد پێنجشه‌ممه‌ 16-8 ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ره‌وانه‌ی دادگای فیدراڵی كرد بۆ په‌سه‌ندكردن، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك له‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان. په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كان له‌ كاتێكدایه‌‌ ئه‌و حزبانه‌ی پێشتر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان، هێشتا پێداگری له‌ داواكارییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌بووه‌.

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌غدا فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان
به‌پێی ده‌ستوری عیراق، پێویسته‌ له‌ رۆژی راگه‌یاندنی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار بانگهێشتی په‌رله‌مانی نوێ بكات تا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا كۆبێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان دانیشتن كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندام به‌رێوه‌ده‌برێت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردێت. په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت. عیراق نزیكه‌ی دوو مانگه‌ له‌ بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندایه‌، دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق له‌ سه‌ره‌تای ته‌مموزی ئه‌مساڵ كۆتاییهات و چاوه‌ڕوانده‌كرێت، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ دوای پشوه‌كانی جه‌ژن. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT