وردبينى تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆتاییهات و ناوه‌كان په‌سه‌ند ده‌كرێن

كه‌ركوك ناو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن، به‌ ته‌واوبونی وردبینی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ره‌وانه‌كردنی ئه‌نجامه‌كان بۆ په‌سه‌ندكردن، كۆتاییهاتنی كاره‌كانی راگه‌یاند. ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16-8 له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كۆتاییهاتنی كاره‌كانی راگه‌یاند، دوای پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كان. به‌پێی راگه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌و تانه‌ و سكاڵایانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان هه‌بون وردبینی بۆ كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئه‌نجامه‌كاندا بكه‌ن به‌هۆی تانه‌كانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ئاشكرایكردووه‌ ناوی ته‌واوی كاندیدی سه‌ركه‌وتوو بۆ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كراوه‌ تا په‌سه‌ند بكرێن. به‌پێی ده‌ستوری عیراق، دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك كۆمار بانگهێشتی په‌رله‌مانتارانی نوێ ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و حزبانه‌ی پێشتر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان، هێشتا پێداگری له‌ داواكارییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌بووه‌. ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كاره‌كانی كۆمسیۆن راییده‌كه‌ن، له‌ 3ی ته‌مموز تا 6ی ئاب سه‌رپه‌رشتی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌ستی ده‌نگه‌كانیان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان جگه‌ له‌ ئاڵوگۆڕی ناوی چه‌ند كاندیدێك هیچ گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT