مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران ئاشكراده‌كات

كه‌ركوك ناو مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كان، پشتگیری ئه‌و كاندیدانه‌ ناكات بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كه‌ ساڵانی رابردو له‌ ده‌سه‌ڵاتدابون، به‌بێ ناوهێنانی هیچ كه‌س و لایه‌نێكی سیاسی. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ له‌ سایتی سه‌ید عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ عیراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ باس له‌ دۆسیه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ ده‌كات و ئه‌وه‌ی رونكردۆته‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیدایه‌ به‌پێی ده‌ستور. له‌و به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌واڵی ره‌تكردنه‌وه‌ یان ناوهێنانی چه‌ند كه‌سێك له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عیه‌ته‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ ته‌نیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ به‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان وتراوه‌ ئه‌وان پشتگیری سه‌رۆكوه‌زیرانێك ناكه‌ن له‌و سیاسییانه‌ بێت كه‌ له‌ ساڵانی رابردودا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بون، ئه‌وه‌ش به‌بێی جیاوازیكردن له‌ نێوان حزبیه‌كانی و سه‌ربه‌خۆكاندا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌ پشتگیری نه‌كردنی ئه‌و كاندیدانه‌ به‌وهۆیه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی گه‌ل ئومێدیان نیه‌ بتوانن داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن له‌ باشكردنی دۆخه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. مه‌رجه‌عیه‌تی باڵا به‌باشی ده‌زانێت ده‌موچاوی نوێی به‌توانا و بوێر و ده‌ستپاك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكرێن، تا بتوانن ئامۆژگاری بكه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ بایكۆتی لێپرسراوانی حكومی.

به‌غدا، 3ی ئه‌یلولی 2018. یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان
له‌سه‌ر ئاستی عیراق دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌كی، كێبڕكێی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌كه‌ن و هه‌ردولا خۆیان بۆ خاوه‌نی زۆرترین كورسی په‌رله‌مان ده‌زانن، تا بتوانن پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران پڕبكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق، له‌ دوو دانیشتندا نه‌یتوانی پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی هه‌ڵبژێرێت و گه‌وره‌ترین كوتله‌ دیاریبكات، بۆیه‌ گفتوگۆی ئه‌و پرسه‌ی دواخست بۆ شه‌ممه‌ی داهاتوو 15ی ئه‌یلول. به‌پێی ده‌ستوری عیراق پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا سه‌رۆك و جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن. په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT