عه‌بادی: كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان یه‌كلاییبۆته‌وه‌

كه‌ركوك ناو حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ یه‌كلاییبۆته‌وه‌ و داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، په‌له‌ بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان. ئه‌و وتانه‌ی عه‌بادی، له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا هات ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول و تێیدا داوایكرد لایه‌نه‌كان جیارێكیتر له‌سه‌ر مێزی دانوستان دابنیشنه‌وه، پابه‌ندیش بن به‌ واده‌ ده‌ستورییه‌كانه‌وه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی عیراق. هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی یه‌كلابۆته‌وه‌ به‌پێی شیكردنه‌وه‌ و رونكردنه‌وه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی و یاسای كاری حزبه‌كان. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنیدا دوێنێ دووشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلول نه‌یتوانی پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی هه‌ڵبژێرێت و گفتوگۆی ئه‌و پرسه‌ی دواخست بۆ ئه‌مڕۆ، به‌ڵام جارێكیتر له‌و پرۆسه‌یه‌دا شكستی هێنا.

به‌غدا، 3ی ئه‌یلولی 2018. یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان
سه‌رۆكی به‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڕیاریدا به‌وه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌ و له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێرن. به‌پێی ده‌ستوری عیراق پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا سه‌رۆك و جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن. په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت. له‌سه‌ر ئاستی عیراق دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌كی، كێبڕكێی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌كه‌ن و هه‌ردولا خۆیان بۆ خاوه‌نی زۆرترین كورسی په‌رله‌مان ده‌زانن. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT