بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دواده‌خرێت

كه‌ركوك ناو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی، بڕیاریدا به‌ دواخستنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، تائێستاش رون نیه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت یاخود نا. ئه‌و بڕیاره‌ی كۆمسیۆن، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا هات ده‌رباره‌ی دوایین رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌‌مان، كه‌ بڕیاره‌ 3ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌بچێت. شیروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێم ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رونیكرده‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆمسیاران بڕیاریانداوه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 11ی ئه‌یلول دوابخرێت. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بڕیاربوی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ 5ی ئه‌یلول بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات. ئه‌و بڕیاره‌ی كۆمسیۆن دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دوو به‌ره‌ی جیاواز دروستبون. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن گونجاو نیه‌، له‌ كاتێكدا پارتی پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌. له‌ چه‌ند رۆژی رابردوشدا به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌ و دادپەروەری ئاشكرایكرد كه‌ حزبه‌كه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكات. بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك لیست و هاوپه‌یمانی خۆیان تۆماركردووه‌ و كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسی ده‌كه‌ن، كه‌ 11 كورسییان كۆتای پێكهاته‌كانی كریستیان، توركمان و ئه‌رمه‌نن. پێشتر بڕیاربوو له‌مانگی 11ی ساڵی رابردودا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌بچێت، به‌ڵام دواخرا. دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21-9-2013 بەرێوەچوو و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش لە ساڵی 2009وە نەكراوە‌و بڕیاربوو لە 2013دا بكرێت، بەڵام وادەكەی بۆ دووساڵی تر درێژكرایەوه‌ و له‌ئێستاشدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ و ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامده‌درێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT