ناكۆكی له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كوتله‌ هه‌یه‌
دانیشتنی په‌رله‌مانی عیراق بۆ سبه‌ی هه‌ڵگیرا

كه‌ركوك ناو یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عیراق، دوای سوێندخواردنی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ كراوه‌یی بۆ سبه‌ینێ هه‌ڵگیرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و نه‌بونی رێككه‌وتن بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلول له‌ به‌غدا، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق به‌ ئاماده‌بونی 297 په‌رله‌مانتار له‌ كۆی 329 ئه‌ندام به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار به‌رێوه‌چوو، دوای سوێندخواردنی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو دانیشتنه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی دواخرا بۆ سبه‌ی سێشه‌ممه‌. له‌ سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی خولی نوێی په‌رله‌مان فواد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆمار و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مان وتاریان خوێنده‌وه‌ و دواتر په‌رله‌مانتارانی نوێ، بۆ سوێندخواردن چونه‌ هۆڵی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مان. دوابه‌دوای سوێندخواردنی په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌بو، دانیشتنه‌كه‌ بۆ كاتژمێر راگیرا، به‌هۆی بایكۆتی ژماره‌یه‌ك لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ له‌ نێویاندا چه‌ند لایه‌نێكی كوری، له‌ ئه‌نجامی نارونی له‌ راگه‌یاندنی گه‌وره‌ترین كوتله‌دا. محه‌مه‌د عه‌لی زه‌ینی، به‌ ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار كه‌ سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ی كرد داوای له‌ لایه‌نه‌كان كرد پابه‌ندبن به‌ ده‌ستوره‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاژانسی عیراقییه‌ی نیمچه‌فه‌رمی. به‌پێی ده‌ستوری عیراق پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا سه‌رۆك و جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن. سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرده‌وه‌ و شه‌ش كه‌س خۆیان كاندید كرد به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌كراوه‌ و دانیشتنه‌كه‌ی به‌ كراوه‌یی هێشته‌وه‌ بۆ سبه‌ی.

به‌غدا، 3ی ئه‌یلولی 2018، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان ناكۆكی لایه‌نه‌كانی لێكه‌وته‌وه له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كوتله‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان
په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت. له‌سه‌ر ئاستی عیراق دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌كی، كێبڕكێی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌كه‌ن و هه‌ردولا خۆیان بۆ خاوه‌نی زۆرترین كورسی په‌رله‌مان ده‌زانن. حەسەن عاقولی، سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاوپه‌یمانی "چاكسازی و بنیاتنانەوە"ی وه‌كو گه‌وره‌ترین كوتله‌ به‌ 180 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ راگه‌یاند، كه‌ لیسته‌كانی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی و حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم، وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی و چه‌ندین كوتله‌ی تری تێدایه‌. هه‌ر ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئەحمەد ئەسەدی، سەركردە له‌ هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند كه‌ ئه‌وان به‌ 153 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ هاوپەیمانی بنیاتنانەوە وه‌كو گه‌وره‌ترین كوتله‌ راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ش به‌ به‌شداری لیستی ده‌وڵه‌تی قانونی نوری مالیكی و چه‌ندین كوتله‌ی تر. تائێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كه‌ خاوه‌نی 58 كورسین له‌ په‌رله‌مانی عیراق، جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ كه‌ به‌ چوار كورسییه‌وه‌ چۆته‌ پاڵ هاوپه‌یمانیییه‌كه‌ی عه‌بادی – سه‌در، ئه‌وانیتر خۆیان له‌ نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌دا یه‌كلایینه‌كردۆته‌وه‌. یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان دوای نزیكه‌ی چوار مانگ هات له‌ هه‌ڵبژاردن، كه‌ به‌هۆی ناڕه‌زایی هه‌ندێك لایه‌ن و تانه‌كانه‌وه‌ كێشه‌ی تێكه‌وت و په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كان به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵیه‌وه‌، كه‌وته‌ 19ی ئابی ئه‌مساڵ. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT