كاندیدێكی ئێزیدی كورسی په‌رله‌مانی له‌ده‌ستدا
هه‌ژماری ده‌ستی ده‌نگه‌كان گۆڕانكاری له‌ 12 ناودا كردووه‌

كه‌ركوك ناو كاندیدێكی پێكهاته‌ی ئێزیدی كورسی په‌رله‌مانی عیراقی له‌ده‌ستدا، له‌ ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ بۆته‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ ناوی 11 كاندیدی دیكه‌ی لیسته‌كاندا، دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا 10 كاندید له‌ هه‌مان لیست و قه‌واره‌ی خۆیاندا كه‌سی تر جێگه‌ی گرتونه‌ته‌وه‌، كورسی دوو كاندیدیش دراون به‌ لیستی دیكه‌. له‌ نێو گۆڕانكارییه‌كانیدا و له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا خالده‌ خه‌لیل، ژنه‌ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی كه‌ به‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار ده‌نگ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆتا سه‌ركه‌وت، به‌پێی دوایین ئه‌نجامی په‌سه‌ندكراوی هه‌ڵبژاردن دورخراوه‌ته‌وه‌ و له‌ جێی ئه‌و له‌ هه‌مان لیست سه‌فوان به‌شیر یونس، وه‌كو په‌رله‌مانتار ناوه‌كه‌ی جێگیر كراوه‌. ئێزیدییه‌كان كه‌ زیاتر له‌ 50 كاندیدیان هه‌بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، جگه‌ له‌ خالده‌ خه‌لیل ر‌شو كه‌ كورسییه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا، دوو كاندیدی دیكه‌یان سه‌ركه‌وتن، تاكه‌ كورسی كۆتای ئێزیدی بۆ سائب خدر بوو‌ به‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار ده‌نگ وه‌كو كاندیدی پارتی پێشكه‌وتنی ئێزیدی له‌ ناحیه‌ی باشیك و حسێن حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش به‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار ده‌نگ بوو به‌ په‌رله‌مانتار. هه‌ر به‌پێی ئه‌نجامی په‌سه‌ندكراوی هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و له‌ لیستی جه‌ماهیر سوهام عه‌باس عه‌لی، له‌ جێی محه‌مه‌د فه‌رمان شاهر له‌ هه‌مان لیست وه‌كو په‌رله‌مانتار دانراوه‌.

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان پێیانوایه‌ ده‌نگه‌كانیان زیادی كردوه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی
له‌ گۆڕانكارییه‌كانی تردا دوو كاندیدی لیسته‌كانی سائیرون و ئیئیتلافی وه‌ته‌نیه‌ له‌ به‌غدا بۆ دوو كاندیدی تر دورخراونه‌ته‌وه‌، له‌ ئه‌نبار جێگۆڕكێی به‌ دوو كاندیدی لیسته‌كانی عابرون و ئه‌نبار هه‌ویه‌تونا كراوه‌، له‌ زیقار دوو كاندیدی لیسته‌كانی سائیرون و ره‌وتی حیكمه‌، له‌ سه‌ڵاحه‌دین كاندێكی لیستی هاوپه‌یمانی قه‌رار و له‌ به‌سره‌ش كاندیدێكی لیستی نه‌سر بۆ كاندیدانی تر دورخراونه‌ته‌وه‌. وه‌كو له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا هاتووه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، كورسییه‌كی هاوپه‌یمانی به‌غدا دراوه‌ به‌ كاندیدێكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، هه‌روه‌ها كورسیی له‌ له‌میا شاوی فنجان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ساخته‌كاری بڕوانامه‌كه‌یه‌وه‌ و دراوه‌ به‌ نه‌وفڵ ناشی كاندیدی تاك له‌ به‌غدا. دادگای باڵای فیدراڵی، 19ی ئاب ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقی په‌سه‌ند كرد، دوابه‌دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 250 تانه و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و سندوقانه‌ی گومانی ساخته‌كارییان له‌سه‌ر بوو. پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، له‌ 3ی ته‌مموز تا 6ی ئاب به‌رده‌وامی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن دوای ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌ك پارت و لایه‌نی سیاسی. خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاره‌ 3ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی ئه‌نجامبدات، پاش بانگهێشتكردنی په‌رله‌مانتارانی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT