واده‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عیراق دیاریكرا

كه‌ركوك ناو سه‌رۆك كۆماری عیراق، واده‌ی یه‌كه‌می دانیشتنی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی دیاریكرد، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌. له‌ مه‌رسومێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27-8 فواد مه‌عسوم، بڕیاریدا به‌ دیاریكردنی واده‌ی یه‌كه‌می دانیشتنی په‌رله‌مانی نوێی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندام، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی. له‌و مه‌رسومه‌دا سه‌رۆك كۆمار دووشه‌ممه‌ی داهاتوو 3ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵی دیاریكردووه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی خولی چواره‌می په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆك كۆمار دیاریكردنی ئه‌و واده‌یه‌ دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ هات به‌ ئامانجی په‌له‌كردن له‌ دانوستانه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و دواتر راسپاردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت. دادگای باڵای فیدراڵی، 19ی ئاب ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقی په‌سه‌ند كرد، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌كان و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و سندوقانه‌ی گومانی ساخته‌كاری له‌سه‌ر بوو. به‌پێی ده‌ستوری عیراق، پێویسته‌ له‌ رۆژی راگه‌یاندنی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار بانگهێشتی په‌رله‌مانی نوێ بكات تا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا كۆبێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان دانیشتن كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندام به‌رێوه‌ده‌برێت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردێت. په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت. عیراق نزیكه‌ی دوو مانگه‌ له‌ بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندایه‌، دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق له‌ سه‌ره‌تای ته‌مموزی ئه‌مساڵ كۆتاییهات و چاوه‌ڕوانده‌كرێت، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ دوای پشوه‌كانی جه‌ژن. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT