پێشهاتی نوێی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ئاشكراده‌كرێت

پێشهاتی نوێی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ئاشكراده‌كرێت
كه‌ركوك/20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017/ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو ناحییه‌ی پردێ، دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

جێگری سو‌پاسالاری پێشمه‌رگه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ پێشهاتێكی نوێ نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ له‌ یه‌ك دوو هه‌فته‌ی داهاتودا.

قاره‌مان شێخ كه‌مال، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، له‌باره‌ی به‌شداریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك، وتی "تائێستا به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هیچ به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌وتراوه‌ بۆ به‌شداریكردنی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك، نازانین رۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ چی ده‌بێت".

وتیشی "له‌م یه‌ك دوو هه‌فته‌یه‌دا‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، سه‌باره‌ت به‌و لیژنانه‌ی بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌لایه‌ن هه‌ردولاوه‌ پێكهێنراون، هێشتا نازانین هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر چۆن ده‌بێت، ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر گفتوگۆكان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و راپۆرتانه‌ی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان نوسیویانه‌".

هێشتا نازانین هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر چۆن ده‌بێت

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رگری عیراق، تائێستا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌ بۆ گفتوگۆكردن بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی نێوانیان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك له‌ عیراق، به‌تایبه‌ت پرسی پێكهێنانی ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌ت.

هه‌فته‌ی رابردوو، سه‌عد حه‌ربییه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك، به‌  (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شداریپێكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ پلانی ئه‌منی كه‌ركوك زیاتر پرسێكی سیاسییه‌ نه‌ك ئه‌منی"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پێویستی گفتوگۆكردن له‌وباره‌یه‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان له‌ هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ی فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، حه‌شدی شه‌عبیی و حه‌شدی عه‌شایه‌ری پێكدێت.

له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی "ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ش به‌شدارن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كه‌ سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری عیراقن". 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT