داواكاریی شه‌ش هه‌زار كه‌س بۆ پاڵپشتی ژنان ده‌گه‌يه‌ندرێته‌ په‌رله‌مان

داواكاریی شه‌ش هه‌زار كه‌س بۆ پاڵپشتی ژنان ده‌گه‌يه‌ندرێته‌ په‌رله‌مان
هه‌ولێر، 7ی ئازاری 2019، راده‌ستكردنی یاداشتێك به‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پاڵپشتی ژنان

كه‌ركوك ناو

یاداشتێكی داواكاریی و پاڵپشتی بۆ ژنان، به‌ شه‌ش هه‌زار واژۆوه‌ راده‌ستی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، به‌ئامانجی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی مادده‌كانی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی ئازار له‌ شاری هه‌ولێر، شه‌ش هه‌زار واژۆ هاوپێچی یاداشتێكی داواكاریی راده‌ستی په‌رله‌مان كرا، دوای ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی كه‌مپنێكدا له‌لایه‌ن رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی و ده‌زگای (كه‌ركوك ناو) كۆكرایه‌وه‌ كه‌ له‌ شوباتی ئه‌مساڵدا ده‌ستپێكرد.

ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی جیهانی هه‌شتی مارسدا، بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌یه‌ له‌ قازانجی دۆسیه‌كانی ژناندایه‌، له‌ نێویاندا یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2011ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی كه‌ جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی هێشتا جێی ره‌خنه‌ و گله‌یی رێكخراوه‌كانی به‌رگرییه‌ له‌ مافی ئافره‌تان.

شۆخ محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی دوای راده‌ستكردنی واژۆكان به‌ په‌رله‌مان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی "بەبۆنەی ٨ی مارس یاداشتێكمان پێشكەش بەپەرلەمانتاران لەفراكسیۆنە جیاوازەكان كرد، بەمەبەستی جێبەجێكردنی تەواوی یاسایی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی".

له‌ یاداشتی داواكاریی هه‌ڵمه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێویستی كردنه‌وه‌ی شه‌ڵته‌ر و شوێنی داڵدانی ئه‌و ژنانه‌ی روبه‌روی توندوتیژی بونه‌ته‌وه‌.

شۆخ ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ ئامانجێكی تری واژۆ و یاداشته‌كه‌ گرنگیدانه‌ به‌ هۆشیاری له‌باره‌ی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT