ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ته‌قییه‌وه‌

نه‌ینه‌وا؛ كچێكی 13 ساڵ كوژرا و ده‌یان تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركران

نه‌ینه‌وا؛ كچێكی 13 ساڵ كوژرا و ده‌یان تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركران
نه‌ینه‌وا، 9ی ئازاری 2019، شوێنه‌واری ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

كچێكی 13 ساڵ و گه‌نجێكی دانیشتوی موسڵ كوژران، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دووه‌م روداوی هاوشێوه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ و هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی ده‌یان كه‌س به‌ تۆمه‌تی تیرۆر.

شه‌وی رابردوو له‌ شاری موسڵ، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ نزیك چێشتخانه‌ی سبایسی له‌ شه‌قامی گشتی گه‌ڕه‌كی موسه‌نای به‌ری راست ته‌قییه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س كوژران و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربون.

فه‌لاح تائی، به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئۆتۆمبێلی كارمه‌ندێكی ئه‌منی كردۆته‌وه‌ ئامانج كه‌ ئه‌فسه‌ر بووه‌ له‌ ئاسایشی نیشتمانی و به‌هۆیه‌وه‌، جگه‌ له‌و كارمه‌نده‌ كچێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵیش كوژراوه‌".

هه‌ر له‌و روداوه‌دا 10 كه‌س برینداربون، به‌وته‌ی تائی، پێنج له‌ برینداره‌كان مه‌ده‌نی بون و ئه‌وانیتر كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ دوه‌م روداوی هاوشێوه‌یه‌ له‌ موسڵ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا و له‌كاتێكدایه‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

لیواروكن حه‌مه‌د نامس جبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا 7ی ئازار له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هێزه‌كانیان توانیویانه‌ 11 داواكراو به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش له‌ چوار گه‌ڕه‌كی به‌ری راست ده‌ستگیربكه‌ن.

ده‌ستگیركراوه‌كان حه‌وت كه‌سیان له‌ دیوانی جوندی داعش بون و ئه‌وانیتر له‌ دیوانی حه‌سبه‌ و ئه‌منی رێكخراوه‌كه‌دا كاریانكردووه‌.

هه‌مان رۆژ جبوری بڵاویكردۆته‌وه‌ له‌ به‌ری راست و چه‌پی موسڵ، باندێكی شه‌ش كه‌سی ده‌ستگیركراون به‌ تۆمه‌تی ده‌ستكاریكردنی ئۆتۆمبێل و ژماره‌كانیان، به‌ ئامانجی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ كرده‌وه‌ی توندوتیژیدا، به‌وته‌ی پۆلیس.

به‌پێی ئاماره‌كانی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ته‌نیا له‌ ساڵی رابردوودا و به‌هۆی به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌ته‌كانیانه‌وه‌، زیاتر له‌ سێ هه‌زار چه‌كداری داعش به‌پێی فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیركراون.

هه‌رچه‌نده‌ داعش له‌ ته‌مموزی 2017وه‌ له‌ موسڵ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی هاتووه‌، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و روداوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌زاران خێزان نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ كه‌مپه‌كاندا درێژه‌ به‌ ژیانی ئاواره‌یی بده‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT