چه‌ندین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌

روفاتی زۆرینه‌ی بێسه‌روشوێنانی دیاله‌ دیارنین

روفاتی زۆرینه‌ی بێسه‌روشوێنانی دیاله‌ دیارنین
دیاله‌، 2015، دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ته‌رم له‌ ناوچه‌ی كوباشی باشوری خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دياله‌

ده‌یان هاوڵاتی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی دیاله‌، له‌ سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه‌ بێسه‌روشوێن بون و ته‌رمی سێیه‌كیان له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه‌ گه‌ڕان به‌ دوای روفاتی ئه‌وانیتردا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و دیارنین.

له‌ سنوری پارێزگای دیاله‌، زیاتر له‌ 216 كه‌س له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا و كاتی هێرشه‌كانی داعش به‌دواوه‌ بێسه‌روشوێن بون، له‌و ژماره‌یه‌ روفاتی 70 كه‌س دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا به‌دویاندا ده‌گه‌ڕێن.

تاڵب خەزرەجی، سەرۆكی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ لە پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "ته‌واوی ئه‌و گۆڕە بەكۆمەڵانەی دۆزراوەتەوە لە ناحیەی سەعدیە نزیكەی 70 ڕوفاتی تێدا بووه‌، بەپێی ئامارەكان كە دەستمانكەوتووە 216 بێسەروشوێنن له‌ سنوره‌كه‌ هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت سه‌عدیه‌، جه‌له‌ولا و مه‌نسوریه‌ و به‌شێك له‌ گونده‌كانی شاره‌بان".

"تائێستا روفاتی 146 كه‌س نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین گۆڕی بەكۆمەڵی زیاتر هەبێت لە سنوری سەعدیە".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ له‌ 2015وه‌ به‌رده‌وامن له‌ به‌دواداچون و گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌كانی تر، چونكه‌ "ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركران له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌و سنوره‌ له‌رێی دادگای شه‌عرییه‌وه‌ سازی مردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌ و زانیارییانه‌ی داعش خۆی له‌ سایت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌باره‌ی كوشتنی خه‌ڵك له‌ سه‌عدیه‌ بڵاویكرده‌وه‌.

دیاله‌، 2015، هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد
دیاله‌، 2015، هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

داعش له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر سه‌عدیه‌ و دادگای شه‌رعی له‌و ناحیه‌یه‌دا دانا بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیرده‌كران.

تاڵب خەزرەجی وتی "ته‌واوی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ سنوری دیاله‌ ده‌كه‌ونه‌ ناخیه‌ سه‌عدییه‌وه‌ چونكه‌ دادگای شه‌رعی رێكخراوه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا بوو".

سەعدییە سەر بە قەزای خانەقینه‌، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكهاتوون، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ مانگی 11ی هه‌مان ساڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە.

هێرش ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ خانه‌قین سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت تیمه‌كانیان به‌ هاوكاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ دیاله‌ و لایه‌نه‌كانی تر هه‌ستاون به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ سه‌عدیه‌ و جه‌له‌ولا، ئه‌وه‌ش به‌بڕیاری دادوه‌ر.

له‌ نێو ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، ته‌رمی چه‌ندین قوربانی هه‌بووه‌، له‌ نێویاندا ژن و منداڵ.

به‌وته‌ی هێرش ئه‌حمه‌د تائێستا چاره‌نوسی پێنج پێشمه‌رگه‌ كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم بون نادیاره‌ و له‌ هه‌وڵدان بۆ زانینی هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ریان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌و سنوره‌دا لاواز بووه‌ و وه‌ك پێشتر ناتوانن به‌پێی پێویست پرۆسه‌ی گه‌ڕان و پشكنین ئه‌نجامبده‌ن، به‌وته‌ی هێرش.

له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش، ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق بێسه‌روشوێن بون و كوژران، به‌هۆكاری نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بی یان كاركردن بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، تائێستاش چاره‌نوسی هه‌زاران كه‌س به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

سەرۆكی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ دیاله‌ ده‌ڵێت شه‌ش گۆڕه‌كه‌ی سه‌عدیه‌ به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم دۆزراونه‌ته‌وه‌، قوربانییه‌كانی زۆربه‌یان كارمه‌ندی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بون له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نی، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ بون به‌ هه‌ڵه‌ رۆیشتونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی داعش و ده‌ستگیركراون.

جگه‌ له‌ دیاله‌، هێشتا ده‌یان گۆڕی تری به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كان هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت قه‌زای شنگال.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT