هێزی ئاسمانیش به‌شدارده‌بن

ورده‌كاریی پلانی ئه‌منی نه‌ورۆز له‌ كه‌ركوك ئاشكراده‌كرێت

ورده‌كاریی پلانی ئه‌منی نه‌ورۆز له‌ كه‌ركوك ئاشكراده‌كرێت
كه‌ركوك، 11ی ئازاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پارێزگار و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

له‌ پلانی ئه‌منی نه‌ورۆزی كه‌ركوك، چه‌ندین هێزی جیاواز به‌شدارده‌بن له‌نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی و فرۆكه‌ی سه‌ربازی، هه‌وڵیش هه‌یه‌ ئه‌و رۆژه‌ بكرێته‌ پشوی فه‌رمی.

پلانی ئه‌منی كه‌ركوك، دوێنێ دووشه‌ممه‌ 11ی ئازار له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵای لێپرسراوانی پارێزگاكه‌دا تاوتوێكرا، به‌ ئاماده‌بونی پارێزگار و فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر.

لیواروكن سه‌عد حه‌ربییه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ كه‌ركوك دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو ئاشكرایكرد تاوتوێی پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌ و خه‌ڵك كراوه‌ له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ش، به‌ تایبه‌ت رێگاكانی كه‌ركوك به‌ره‌و سلێمانی و هه‌ولێر و دوبز و ناوچه‌كانی تر.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ پلانه‌كه‌ به‌ر له‌ 21ی ئازار ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، پێشتریش هه‌ڵمه‌تی ئه‌منی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك، له‌و ته‌واوی پلانه‌كه‌شدا فرۆكه‌ی سه‌ربازی و هێزی ئاسمانی عیراق به‌شدارده‌بن له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تر له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی و عه‌شایه‌ری.

ساڵانه‌ له‌ 20ی ئازار و له‌ جه‌ژ‌نی نه‌ورۆزدا (یه‌كه‌م رۆژی ساڵی نوێی كوردی) ئاگر ده‌كرێته‌وه‌ و جلوبه‌رگی كوردی ده‌پۆشرێت، له‌ هه‌مان رۆژداو له‌ ساڵی 1991 پێشمه‌رگه‌ هێرشیكرده‌ سه‌ر كه‌ركوك و چه‌ند رۆژێك حزبی به‌عسی له‌و شاره‌ ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش بۆ كورد بۆنه‌یه‌كی تره‌.‌

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كۆبونه‌وه‌ی دانانی پلانی ئه‌منی نه‌ورۆز ئاشكرایكرد له‌ تاوتوێی ئه‌وه‌دانرۆژی 20ی ئازار بۆ ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی پارێزگاكه‌ بكه‌نه‌ پشوی فه‌رمی، تا له‌ ئاهه‌نگه‌كانی ئه‌و بۆنه‌یه‌دا به‌شداربن.

حزبه‌ كوردییه‌كان، سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له ‌دوایین دانیشتنیاندا بڕیاریاندا ئاهه‌نگه‌كانی ئازار به ‌هاوبه‌شی بكه‌نه‌وه‌، له‌نێویاندا ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ببه‌نه‌ سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT