كاندیده‌كانی فاڵح فه‌یاز بۆ پۆستی قایمقامی شنگال ره‌تكرانه‌وه‌

كاندیده‌كانی فاڵح فه‌یاز بۆ پۆستی قایمقامی شنگال ره‌تكرانه‌وه‌
نه‌ینه‌وا/شوباتی 2019/ فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێزیدی له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كیاندا دژی كوشتنی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ سوریا فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی شنگال

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

له‌و سێ كاندیده‌ی فاڵح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دیاریكردبون، هه‌رسێكیان ره‌تكرانه‌وه‌ و فه‌هد حامد جارێكی تر له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاتی قه‌زای شنگال، حزب و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌ متمانه‌ی پێدرایه‌وه‌.

فالح فه‌یاز، هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ردانی قه‌زای شنگالی كردو له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان، چین و توێژه‌كانی قه‌زاكه‌ گفتوگۆی كرد و سێ كاندیدی دیاریكرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو قایمقامی شنگال متمانه‌ی پێببه‌خشرێت، ئه‌وانیش عه‌لی خه‌له‌ف حه‌سۆ، حه‌یده‌ر ئه‌لیاس و خدر ساڵح.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی سه‌ر‌دانی فاڵح فه‌یاز دانانی قایمقامێكى نوێ بوو بۆ قه‌زاكه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئه‌نجامدا به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی هه‌موو حزب و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌و بارودۆخی شنگال".

یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی سه‌ر‌دانی فاڵح فه‌یاز دانانی قایمقامێكى نوێ بوو

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، فاڵح فه‌یاز، سێ كاندیدی بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دیاریكرد‌، به‌ڵام فه‌هد حامد و مه‌حما خه‌لیل ناویان له‌و سێ كه‌سه‌دا نه‌بوو. له‌كاتێكدا هه‌ردوكیان خۆیان به‌ قایمقامی شنگال ده‌زانن.

سه‌عید مه‌لحه‌م، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كاتی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "فاڵح فه‌یاز وتی فه‌هد حامد له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ قبوڵنه‌كراوه‌ و مه‌حما خه‌لیلیش له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت كه‌سێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت كه‌ ببێته‌ جێگای رازه‌مه‌ندی به‌غدا و هه‌رێم‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نجومه‌نی كاتی شنگال هه‌ر سێ كاندیده‌كه‌مان ره‌تكرده‌وه‌".

له‌ 27ی كانونی یه‌كه‌می 2018 له‌ شنگال، ئیداره‌یه‌كی نوێی ‌كاتی راگه‌یه‌نرا له‌ قایمقام، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كانی، له‌گه‌ڵ 21 ئه‌ندام به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ خاوه‌نی زۆرترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی قه‌زاكه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هێشتا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی قه‌زای شنگال دانیپێدانه‌نراوه‌.

سه‌عید مه‌لحه‌م، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كاتییه‌ ده‌كات، وتی "جگه‌ له‌ فه‌هد حامد رازی نابین هیچ كه‌سێكی دیكه‌ ببێته‌ قایمقامی شنگال، تا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق ده‌كرێن، ئه‌وكات له‌ هه‌ڵبژاردن كێ براوه‌بێت پیرۆزی بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ و سه‌قامیگیری ناوچه‌كه‌ ده‌بێت هه‌ر فه‌هد حامد بمێنێته‌وه‌".

شێخ فاخر خه‌له‌ف، پیاوێكی ئایینی ئێزیدییه‌ له‌ شنگال، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ پشتگیری له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ فه‌هد حامد وه‌كو قایمقامی شنگال له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وامبێت، ئه‌و له‌ رۆژه‌ ناخۆشه‌كاندا قه‌زای شنگالی ‌جێنه‌هێشتووه و هه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆی ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو پیاوانی ئاینی پشتگیری ئه‌و ده‌كه‌ین".

ئێمه‌ پشتگیری له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ فه‌هد حامد وه‌كو قایمقامی شنگال له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وامبێت

"له‌ كۆبونه‌وه‌ی  سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و حزبه‌كان و هێزه‌كانی شنگالدا ئێمه‌ش به‌شداربوین و ده‌نگی خۆمان به‌‌ فه‌هد حامد-دا وه‌كو قایمقامی شنگال"، شێخ فاخر وایوت.

فه‌هد حامد، له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی وه‌كو قایمقام، وتی "له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ فاڵح فه‌یاز و ئه‌نجومه‌نی كاتی شنگال-یش به‌ئاشكرا ئاماده‌یی خۆم نیشاندا له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك ده‌ستنیشانبكرێت بۆ پۆستی قایمقام من ده‌ستله‌كارده‌كێشمه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت كه‌سێك دیاریبكرێت كه‌ خزمه‌تی ناوچه‌كه‌ بكات، به‌ڵام دوباره‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌موو حزب و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ وه‌كو قایمقام متمانه‌م پێدرایه‌وه‌".

 نه‌ینه‌وا/شوباتی 2019/ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم خۆرئاوای موسڵ، هێشتا شارێكی وێرانه‌یه‌ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

نه‌ینه‌وا/شوباتی 2019/ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم خۆرئاوای موسڵ، هێشتا شارێكی وێرانه‌یه‌ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال له‌ پشكی پارتی كه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ قه‌زاكه‌ی جێهێشتووه‌ و له‌ قه‌زای سمێل سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك ده‌وامده‌كات، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پرسی دانانی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال به‌ كه‌سێك یان لایه‌نێك ناكرێت، ده‌بێت به‌ڕێگای یاسا و ده‌ستور مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت".

"ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ ‌هه‌وڵداین له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و به‌رپرسانی به‌غدا و هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی جاریكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال"، مه‌حما خه‌لیل وایوت.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی ئالۆزیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا دوای ریفراندۆم، سنوره‌كه‌ له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ تشرینی دوه‌می 2015 له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT