15 هه‌زار خانوو له‌ موسڵ نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌

15 هه‌زار خانوو له‌ موسڵ نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌
نه‌ینه‌وا، 2018، خۆشحاڵی خێزانێك به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كه‌یان له‌گه‌ڕه‌‌كی وادی حیجار له‌خۆرئاوای موسڵ فۆتۆ: كلیر تۆماس\ UNDP

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

هه‌زاران خانوو له‌ به‌ری راستی موسڵ نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌.

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌كیكردن بۆ سه‌قامگیری ده‌ستده‌كات بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی 15 هه‌زار خانوو له‌ خۆرئاوای شاری موسڵ، كه‌ پشكی شێری زیانه‌كانی شه‌ڕی داعشی به‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ به‌ ته‌واوبونی كاره‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ژماره‌ی ئه‌و خانووانه‌ی له‌ موسڵ نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌ ده‌گاته‌ 30 هه‌زار خانوو.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ 15 هه‌زار خانووه‌كه‌، له‌ 29 گه‌ڕه‌كی به‌ری راستی موسڵ ئه‌نجامده‌درێت كه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی 90 هه‌زار هاوڵاتی ده‌كرێت.

محه‌مه‌د سدیق، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌كیكردن بۆ سه‌قامگیری له‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان وتی "ئه‌م پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ كارێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی خوازیارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانیان له‌ موسڵ پاش سێ ساڵ له‌ گرفت و ناهه‌مواری".

شه‌ڕی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی عیراقی ئاواره‌كرد و له‌و ژماره‌یه‌ هێشتا نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌وه‌ش زۆرینه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سنوری نه‌ینه‌وا.

نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ به‌راستی راستی موسڵ فۆتۆ: كاروام ساڵحی
نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ به‌ری راستی موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می خانوه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كانی موسڵ، له‌ كۆتایی مانگی ئازار كۆتاییدێت و پرۆژه‌كه‌ش تا تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ به‌رده‌وامی ده‌بێت.

لێپرسراوه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت له‌ گرنگی و كاریگه‌ری پرۆژه‌كه‌ دڵنیان، به‌وپێیه‌ی پێشتر له‌ چه‌ند شارێكی تر له‌ نێویاندا به‌رتڵه‌ و باشیك هه‌مان هه‌نگاو نراوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌ روخاوه‌كان و گۆڕانكاری دروستكردووه‌.

له‌ پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كاندا، ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌درێت به‌و خێزانانه‌ی له‌ بارودۆخێكی خراپی ئابوریدا ده‌ژین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئافره‌ت سه‌رۆك خێزانه‌ یان گه‌نجێك، یاخود خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و كه‌سانی بێكار.

له‌و پرۆژه‌یه‌دا كاره‌كانی بنیاتنانه‌وه‌ دیوار و گه‌چكاری، دانانی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌، كاره‌ كاره‌باییه‌كان و ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند پێداویستیه‌كی تر دابینده‌كرێن.

جگه‌ له‌ خانوی هاوڵاتیان، شه‌ڕی چه‌ندین مانگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، زیانی زۆری به‌ كه‌رتی گشتی و خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌یاند.

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، نزیكه‌ی 800 پڕۆژه‌ی سه‌قامگیری هه‌یه‌ له‌ موسڵ و پێكدێن له‌ چاككردنه‌وه‌ی تۆڕی ئاو و كاره‌با، بنیاتنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و بنكه‌ی ته‌ندروستی، له‌گه‌ڵ دابینكردنی هه‌لی كار.

له‌ ته‌مموزی 2017دا، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی داعش بهێنن له‌ موسڵ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵام هێشتا به‌ ته‌واوی ژیان و سه‌قامگیری بۆ ئه‌و شاره‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT