نادیه‌ موراد داوای پاراستنی روفاته‌كان ده‌كات

هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ شنگال

هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ شنگال
نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: AFP

كه‌ركوك ناو

یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق هه‌ڵدرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئابی 2014 به ‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ و به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران.

ئه‌و ده‌ستپێكه‌ له‌ هه‌ینی 15ی ئازار له‌ گوندی كۆجۆ، له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سوكاری قوربانیان، نادییه‌ موراد، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و بابا شێخ، مه‌رجه‌عی باڵای ئێزیدییه‌كان به‌ڕێوه‌‌چوو.

هه‌زاران پیاو، ژن له‌ ئابی 2014 له‌ گوندی كۆجۆ و ناوچه‌كانی تری شنگال، به‌ ده‌ستی داعش كوژراون و له‌ 73 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵدان، كه‌سوكاریان ده‌یانه‌وێت له‌ چاره‌نوسیان دڵنیاببنه‌وه‌.

به‌پێی نێردراوی (كه‌ركوك ناو) بۆ گوندی كۆجۆ، تیمێكی پسپۆڕ هه‌ینی 15ی ئازار ده‌ستیانكرد به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی فراوانی ئێزیدییه‌كان هات دژی دره‌نگ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و مه‌ترسی له‌ناوچونیان به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌.

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

داعش له‌ ئابی 2014 پێكهاته‌ی ئاینی ئێزیدی له‌ قه‌زای شنگال خۆرئاوای موسڵ، له‌ نزیك سنوری سوریا كرده‌ ئامانج، هه‌زاران پیاو و منداڵی لێكوشتن و كچ و ژنانی ئێزیدی رفاند و ده‌ستدرێژی سێكسی لێكردن، هه‌روه‌ها له‌ بازاڕه‌كانی خۆیاندا كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كردن.

نادیه‌ موراد، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، كه‌ خۆی خه‌ڵكی گوندی كۆجۆیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ قوربانیانی ده‌ستی داعش، داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرد، پارێزگاری له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان بكه‌ن، تا روفاته‌كان وه‌ك به‌ڵگه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان بمێنێته‌وه‌.

بڕیاره‌ دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان، روفاته‌كان ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێن بۆ پشكنین، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی ناسینه‌وه‌ و راده‌ستكردنه‌وه‌یان به‌ كه‌سوكاریان و جارێكی تر به ‌خاكسپاردنه‌وه‌یان له‌ شنگال.

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ نادیه‌ موراد، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ بابا شێخ، مه‌رجه‌عی باڵای ئێزیدییه‌كان له‌ گوندی كۆجۆ فۆتۆ: زه‌ید عوبه‌یدی

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ نادیه‌ موراد، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ بابا شێخ، مه‌رجه‌عی باڵای ئێزیدییه‌كان له‌ گوندی كۆجۆ فۆتۆ: زه‌ید عوبه‌یدی

 

كه‌ریم خان، سه‌رۆكی تیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ده‌ستپێكی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی به‌ "زۆر گرنگ" وه‌سفكرد، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ بونی 73 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ شنگال، كه‌ زێدی مێژویی ئێزیدییه‌كانه‌.

له‌ ئێستادا، داعش له‌ به‌رگریدایه‌ له‌ دوامۆڵگه‌ی "خه‌ڵافه‌ته‌كه‌ی" له‌ باغۆز، له‌نێو خاكی سوریا و نزیك له‌ سنوری عیراق، به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كه‌ زۆرینه‌یان كوردن و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش پاڵپشتی ده‌كرێن.

  

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT