به‌رێوه‌به‌رێكی پۆلیس و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری كه‌ركوك حوكمده‌درێن

به‌رێوه‌به‌رێكی پۆلیس و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری كه‌ركوك حوكمده‌درێن
كه‌ركوك، 2017، هێزێكی ئه‌منی له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

دادگای سه‌ربازیی، به‌رێوه‌به‌رێكی پۆلیس و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی پۆلیسی كه‌ركوك حوكمده‌دات، به‌ تاوانی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك.

هه‌فته‌ی رابردوودا دادگای سه‌ربازیی دووی نه‌ینه‌وا، له‌ دانیشتنێكدا تاوتوێی دۆسیه‌ی ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباری پۆلیسی كه‌ركوكی كرد به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك و له‌ بڕیاری كۆتاییشدا، به‌شێكیان سزادران.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و دادوه‌ری دادگای نه‌ینه‌وای سه‌ربازی چونه‌ته‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌ ئامانجی دادگاییكردنی ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی ئه‌منی تۆمه‌تبار به‌ هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك له‌ زیندان".

26ی كانونی دوه‌می 2019، ‌تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتن و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵان و دزیی، له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا له‌ باكوری شاری كه‌ركوك له‌ بارودۆخێكی ته‌مومژاویدا هه‌ڵات، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، كاتێك هه‌وڵیده‌دا بچێته‌ توركیا.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ دادگی سه‌ربازی، چوارشه‌ممه‌ی رابردوو‌ دوابڕیاری خۆی ده‌ركردووه‌ به‌ سزادانی به‌شێك له‌ ده‌ستگیركراون و ئازادكردنی ژماره‌یه‌كی دیكه‌یان.

دوو كاتژمێر دوای هه‌ڵاتنی زیندانییه‌كه‌ له‌ كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك به‌ فه‌رمانی نوسینگه‌ی پشكنه‌ری گشتی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ستگیركران.

سه‌رچاوه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگا عه‌قید نه‌وزاد، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی ره‌حیماوا و موقه‌ده‌م محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری نه‌هێشتنی تاوان له‌ بنكه‌ی ره‌حیماوا به‌ چوار مانگ حوكمدراون، هه‌ردوو مولازمی یه‌ك مسته‌فا و عومه‌ر به‌ نۆ مانگ زیندانیكردن سزادراون و هه‌روه‌ها هه‌ڵۆ كه‌ كارمه‌ندی پۆلیسه‌، به‌ تۆمه‌تی رێنیشاندانی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌كه‌ حوكمی سێ ساڵی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

به‌پێی یاسای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوخۆ، هیچ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندێكی ئه‌منی له‌كاره‌كه‌ی دورناخرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر حوكمی سزادانه‌كه‌ی له‌ 12 مانگ زیاتر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر سزاكه‌یشی كه‌متر بێت ده‌توانێت دوای ته‌واوبونی زیندانییه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ڵام كاریگه‌ری له‌سه‌ر پله‌به‌زركردنه‌وه‌ی ده‌بێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT