له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران بۆ په‌رله‌مان

پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی دورده‌خرێنه‌وه‌

نه‌ینه‌وا، 21ی ئازاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكوه‌زیران و پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ موسڵ فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

كه‌ركوك ناو

 په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاره‌ له‌ دانیشتنێكدا پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی له‌كار دوربخاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكوه‌زیران و به‌هۆی چه‌ند دۆسیه‌یه‌كه‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازار له‌ نوسراوێكدا بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، داوایكردووه‌ به‌پێی یاسای پارێزگاكان هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی دوربخرێنه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌توانێت به‌ زۆرینه‌ی ره‌ها ده‌نگ بدات به‌ دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار له‌سه‌ر پێشنیار و داوای سه‌رۆكوه‌زیران.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می له‌ ئه‌رك و لێپرسراوێتی خراوه‌ته‌ پاڵ پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌بونی به‌ڵگه‌ی تێوه‌گلانی له‌ هه‌ده‌ردانی موڵمی گشتی و به‌كارهێنانی پۆسته‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی.

ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیران دوای ئه‌وه‌هات شه‌و رابردووش له‌ فه‌رمانێكدا پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا و ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌ راگه‌یاند، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رۆكی زانكۆی نه‌ینه‌وا، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ دوای ئه‌وه‌هات ده‌یان كه‌س له‌ خه‌ڵكی موسڵ و كه‌سوكاری قوربانیان له‌ نزیك شوێنی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و داوایانكرد جگه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگار ته‌واوی به‌رپرسانی روداوه‌كه‌ش سزا بدرێن.

ئه‌و به‌مه‌له‌ گه‌شتیارییه‌، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئازار، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای به‌هار و وه‌رزی گه‌شتكردن، به‌ ده‌یان كه‌سه‌وه‌ له‌ روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه‌ و به‌پێی دوایین ئاماره‌كان؛ زیاتر له‌ 95 كه‌س خنكاون و هێشتا به‌شێكی تر له‌ خه‌ڵك بێسه‌روشوێنن.

نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا پێشتریش له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی به‌دواداچونی راستییه‌كاندا داوای دورخستنه‌وه‌ی كرابوو، به‌ڵام ناوبراو تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ و بڕیاریشدا سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق تۆماربكات.

به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی به‌دواداچونی راستییه‌كان كه‌ راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌ و له‌ 30 خاڵ پێكدێت، بارودۆخی ئه‌منی موسڵ باش نییه‌ و "كه‌مته‌رخه‌میی و گه‌نده‌ڵی" هه‌یه‌ كه‌ راسته‌وخۆ پارێزگار، فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی موسڵ تۆمه‌تباركراون و داوای گۆڕینیان ده‌كرێت.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ كانونی یه‌كه‌می 2018 پێكهات به ‌ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچون له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكهێنا، به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئوسامه‌ نوجه‌یفی و ئه‌ندامێتی ته‌واوی نوێنه‌رانی نه‌ینه‌وا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT