شۆفێرانی تاكسی له‌ كه‌ركوك بۆ سێ داواكاریی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی

شۆفێرانی تاكسی له‌ كه‌ركوك بۆ سێ داواكاریی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی
كه‌ركوك، 23ی ئازاری 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی شۆفێرانی تاكسی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

شۆفێرانی تاكسی له‌ كه‌ركوك، گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی خراپی كوالێتی به‌نزین و ناڕێكی كاری تاكسی و گواستنه‌وه‌یان بۆ به‌نزیخانه‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌ڵام هیچ لێپرسراوێك به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه‌ نه‌چوو.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازاری 2019 له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێرانی تاكسی به‌ ئۆتۆمبێله‌كانیانه‌وه‌ چونه‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا، تا داواكارییه‌كانیان بگه‌یه‌نن.

ئه‌مجه‌د سلێمانی (31 ساڵ)، یه‌كێك بوو له‌ شۆفێرانی ناڕازیی و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ دوو مانگه‌ له‌ قه‌یرانداین، به‌نزینخانه‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ ئێمه‌ چاره‌سه‌ر نین، بۆ له‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت جیاده‌كرێینه‌وه‌؟ به‌نزینی به‌نزینخانه‌ ئه‌هلیه‌كان باش نیه‌ بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت بڕیاره‌كه‌ی پارێزگار هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر به‌نزینخانه‌ حكومییه‌كان".

ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر بڕیاریدا ئۆتۆمبێلی تا‌كسی بگوازێته‌وه‌ سه‌ر به‌نزیخانه‌ ئه‌هلییه‌كان و له‌وێ، به‌شه‌ به‌نزیینی خۆیان وه‌ربگرن، به‌ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی له‌ به‌نزینخانه‌كاندا.

سامی بورهان، یه‌كێكی تر بوو له‌ شۆفێرانی ناڕازی و زۆر توره‌بوو كاتێك پۆلیسێكی هاتوچۆ پسوله‌ی غه‌رامه‌ی بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی نوسی، به‌وپێیه‌ی له‌به‌رده‌م پارێزگا گردبونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغییان دروستكرد، ئه‌و وتی "گەندەڵیەكی زۆر جومگەكانی ئەم پارێزگایەی گرتۆتەوە..".

كه‌ركوك، ته‌نیا پارێزگایه‌ كه‌ به‌نزینخانه‌ حكومیه‌كانی له‌رێی كۆبونه‌وه‌ به‌نزین به‌سه‌ر شۆفێراندا دابه‌شده‌كه‌ن، بۆ هه‌فته‌یه‌ك 50 لیتر بۆ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت و هه‌فته‌ی دووجار بڕی 25 لیتر بۆ تاكسی، نه‌مانی ئه‌و سیسته‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌داواكارییه‌كانی شۆفێران.

حكومەت نەیتوانیوە سیستمێكی باش دابنێت بۆ كاری تاكسی

ساڵح محەمەد، شۆفێرێكی تاكسیە و له‌باره‌ی داواكارییه‌كی تره‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "كێشەیەكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومەت نەیتوانیوە سیستمێكی باش دابنێت بۆ كاری تاكسی، دەبینم كارمەندێكی پۆلیس موچەكەی یەك ملیۆن و500 هەزارە لەسەر حسابی من و ئەو كاری تاكسێتی دەكات".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ته‌واوی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێنه‌كرێت ئه‌وا به‌رده‌وامی به‌ ناڕه‌زاییه‌كانیان ده‌ده‌ن.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پشوی فه‌رمی بوو، هیچ لێپرسراوێك به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگا، به‌ده‌م داواكاریی شۆفێرانی ناڕازییه‌وه‌ نه‌چوو.

پێداویستی رۆژانه‌ی‌ كه‌ركوك له‌ به‌نزین، ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك و 150 هه‌زار لیتر به‌ڵام وه‌زاره‌تی نه‌وت رۆژانه‌ ملیۆنێك و 300 هه‌زار لیتر به‌نزین ره‌وانه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كات به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT