شانه‌ی قه‌یران له‌ نه‌ینه‌وا: لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ین

نه‌ینه‌وا، 24ی ئازاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی شانه‌ی قه‌یران و شاندێكی سه‌ڵاحه‌دین فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیسی نه‌ینه‌وا

كه‌ركوك ناو

شانه‌ی قه‌یران بۆ ئیداره‌دانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هه‌ڕه‌شه‌ی لێپرسینه‌وه‌ و سزادانی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌گلاون، ئه‌وه‌ش له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌یاندا بۆ تاوتوێی بارودۆخی پارێزگاكه‌ دوای روداوی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌.

ئه‌و به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌، ئێواره‌ی 21ی ئازار له‌ نێو پرۆژه‌یه‌كدا له‌سه‌ر روباری دیجله‌ نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س خنكان و ده‌یانی تر بێسه‌روشوێن بون.

دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ و ناڕه‌زایی توندی خه‌ڵك، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران، شانه‌یه‌كی قه‌یرانی بۆ ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا پێكهێنا، كه‌ راسته‌وخۆ به‌ خۆیه‌وه‌ گرێدراوه‌.

شانه‌ی قه‌یران، كه‌ له‌ سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا پێكهاتون، یه‌كشه‌ممه‌ 24ی ئازار ده‌ستبه‌كاربون.

مه‌زاحم خه‌یات، سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامی شانه‌ی قه‌یران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو رونیكرده‌وه‌، كاره‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌ و كاروباری جێبه‌جێكردن له‌ نه‌ینه‌وا به‌رێوه‌ده‌به‌ن.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی به‌ په‌له‌ ته‌واوكردنی كاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوی نقومبونی به‌له‌مه‌كه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی، وتیشی "هه‌موو گه‌نده‌ڵێك له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی شاره‌كه‌ روبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پۆسته‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت".

ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌و لیژنه‌یه‌، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی عه‌بدولقادر عه‌بدوڵا و حه‌سه‌ن زه‌نون، ئه‌وه‌ش له‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مانی عیراق و له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران، به‌ تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و گه‌نده‌ڵی.

په‌رله‌مانی عیراق له‌و دانیشتنه‌دا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ كه‌ به‌شێكی تایبه‌ت بوو به‌ روداوه‌كه‌ی موسڵ، بڕیارێكی په‌رله‌مانی به‌ زنجیره‌یه‌ك راسپارده‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌ركرد، له‌ نێویاندا ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان و لێپرسینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان و هه‌ژماركردنی قوربانیانی نقومبونی به‌له‌مه‌كه‌ به‌ شه‌هید.

هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانن سه‌رۆكوه‌زیرانیش دوباره‌ هێزه‌كانی سنوره‌كه‌ دابه‌شبكاته‌وه‌ و رێكاری ته‌واو بگرنه‌به‌ر بۆ داخستنی باره‌گا نافه‌رمییه‌كان.

داواكارییه‌كیش راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرابوو بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی یاسایی په‌رله‌مان كرا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاره‌ جارێكیتر، تاوتوێی بكرێته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT