فه‌رمانده‌یه‌كی هه‌سه‌ده‌: هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیل له‌ باغۆز ئازادنه‌كراوه‌

پێشمه‌رگه‌یه‌ك چاودێری ناوچه‌ سنورییه‌كان ده‌كات له‌ قه‌زای خانه‌قین سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

سۆران محەمه‌د

فه‌رمانده‌یه‌كی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌ باغۆز هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیل ئازادنه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان چاوه‌ڕێی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دوامۆڵگه‌ی داعش بون بۆ چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان.

ئاگرین عەگید، فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، له‌ڕێی نامه‌ی واتس ئاپەوە، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەو ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ندێك په‌یج و ده‌زگا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ گوایا لە باغۆز پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئازادكراون، راست نین و هیچ هەواڵێکی لەو شێویە لە ئارادانییە".

ئاگرین جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانیان دوامۆڵگه‌ی داعشیان (له‌ باغۆز) كۆنترۆڵكردوه‌ و هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیل له‌و ناوچه‌یه‌ بونی نه‌بووه‌.

هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیل له‌ باغۆز بونی نه‌بووه‌ و ئازادنه‌كراون

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، 23ی ئازاری 2019 كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی داعشی له‌ سوریا راگه‌یاند، دوای پێنج ساڵ له‌شه‌ڕ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وه‌ش هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ست و حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌دا نه‌ما.

نه‌مانی حوكمڕانی داعش له‌ كاتێكدایه‌، كه‌سوكاری زیاتر له‌ 62 پێشمه‌رگه‌‌ كه‌ به‌ دیل له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ كه‌وتبونه‌‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان بون. هه‌روه‌ها هه‌زاران هاوڵاتی له‌ نێویاندا ژن و منداڵی ئێزیدی بێسه‌روشوێنن و نه‌دۆزراوه‌نه‌وه‌، كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رفێنران و گومان هه‌بوو له‌دوامۆڵگه‌ی رێكخراوه‌كه‌دابن.

شێخ عیرفان بەرزنجی، نوێنەری پێشمەرگە دیلەکان به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "هیچ سۆراخێکی نوێ دەربارەی پێشمەرگە دیلەکان نییه‌، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیداین".

"دەنگۆی چه‌ند پەیج و ماڵپه‌ڕێك راست نییه‌، گوایە 15 پێشمەرگە لە سوریا ئازداکراون، ئەو هەواڵانە سەرتاپای نادروست و ناڕاستە"، نوێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان وایوت.

زێدان عەبدولڕحمان، برای پێشمەرگەیه‌كی دیل به‌ناوی هۆشەنگ، بە (کەرکوک ناو)ی وت "رۆژانە برینی ئێمە دەکولێتەوە، دەزگا میدیاییه‌كان بە ناڕاست هەواڵی برا و کەسوکارەکانمان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌".

رۆژانە برینی ئێمە دەکولێتەوە، دەزگا میدیاییه‌كان بە ناڕاست هەواڵی برا و کەسوکارەکانمان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەوڵەکانی بەگشتی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی وەزیران و حکومەتی عیراق چڕکراوەتەوە، بەڵام هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بونی نییە، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامده‌بین و هەمیشە لە سۆراغداین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT