كۆتایی پێنج ساڵ له‌ دابڕان
ئه‌و رۆژه‌ی خه‌ڵكی بستاملی وێرانكارییه‌كانی زێدی خۆیان بینی

كۆتایی پێنج ساڵ له‌ دابڕان<br>ئه‌و رۆژه‌ی خه‌ڵكی بستاملی وێرانكارییه‌كانی زێدی خۆیان بینی
سه‌ڵاحه‌دین، نیسانی 2019، گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌ك بۆ خانوه‌ روخاوه‌كه‌ی له‌ گوندی بستاملی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی دوای پێنج ساڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – ئامرلی

زه‌كه‌ریا له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ دانیشتووه و ژماره‌یه‌ك قاپی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، "ته‌نیا ئه‌مانه‌ له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانمان ماوه‌ته‌وه، سه‌یری خانووه‌ وێرانبووه‌كه‌مان بكه‌ن"، ئه‌و گه‌نجه‌ و خه‌ڵكی گوندی بستاملی دوای پێنج ساڵ له‌ ئاواره‌یی یه‌كه‌مجار رێگه‌ده‌درێت بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

گونده‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی ئامرلی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ژێر گه‌مارۆی توندی چه‌كدارانی داعشدا بوو، بۆیه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌ بون.

زه‌كه‌ریا موسا، كوڕی موختاری گونده‌كه‌یه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌ ناوچه‌كه‌ توشی سه‌رسوڕمان بوو به‌ بینینی قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵه‌كان كه‌وت بوو، له‌به‌رده‌م خانوه‌كه‌ی خۆیاندا راوه‌ستا و سه‌یری ده‌كرد كه‌ چۆن به‌هۆی وێرانبونیه‌وه‌ به‌ كه‌ڵكی ژیان نه‌ماوه‌.

"ئه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌وڵ و ماندبونی ساڵانێكی درێژ و ملیۆنه‌ها دیناره‌ كه‌ له‌ موڵكه‌كانماندا خه‌رجمانكرد، هه‌موو رۆیشت و بوو به‌ خۆڵه‌مێش" زه‌كه‌ریا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا قاپه‌كانه‌، ئه‌ویش ره‌نگه‌ ئیتر شیاو نه‌بێت خواردنی تێدا بخورێت.

گوندی بستاملی، به‌ر له‌ حوه‌زیرانی 2014 و سه‌رهه‌ڵدانی داعش، سه‌دا 90ی دانیشتوانی له‌ توركمانی سونه‌ پێكهاتبوون، ئه‌وانی دیكه‌ش شیعه‌ بون، دوابه‌دوای شكاندنی گه‌مارۆی سه‌ر ئامرلی له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

زه‌كه‌ریا ده‌ڵێت قه‌باره‌ی زیانه‌كان له‌ گونده‌كه‌ سه‌دا 100ــه‌ و رێژه‌ی وێرانكاری ده‌گاته‌ سه‌دا 70، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بازاڕ و خانوی سوتاوه‌.

سه‌ڵاحه‌دین، نیسانی 2019، زه‌كه‌ریا موسا له‌ماڵه‌كه‌ی ته‌نیا چه‌ند قاپێكی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خه‌ڵكی گونده‌ پێنج ساڵه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، سه‌رباری كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی سنوره‌كه‌، به‌وته‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگرییان كردووه‌ به‌ پاساوی هه‌بونی پاشماوه‌ی داعش و تۆمه‌تباریان كردون به‌ هاوكاری گروپه‌ چه‌كداره‌كان، ئه‌و رێكاره‌ش 54 گوندی تری ده‌وروبه‌ری ئامرلی گرتۆته‌وه‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

نزیك له‌ خانووه‌ داڕوخاوه‌كان، منداڵێك كه‌ ته‌مه‌نی له‌ ده‌وروبه‌ری 11 ساڵیدایه‌، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سیمایدا ده‌بینرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چركه‌ساته‌یه‌ هه‌واڵی ره‌زامه‌ندی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی بیست بۆ سه‌ردانی زێدی خۆی، ئه‌و كاریگه‌ری پاشماوه‌ی شه‌ڕ به‌ سیمایه‌وه‌ ده‌بینرێت كاتێك ده‌بینێت هه‌موو خه‌ونه‌كانی له‌ناوچون.

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌ دوزخورماتوو، یاوه‌ری خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی كرد له‌یه‌كه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ بستاملی، له‌رێی فۆتۆ و گرته‌ی ڤیدیۆییه‌وه‌ قه‌باره‌ی زیانه‌كانی ئه‌و سنوره‌كه‌ تۆماركرد.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كاندا، هاوڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 40 ساڵ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌سه‌ر داروپه‌ردوی خانووه‌ روخاوه‌كه‌ی راوه‌ستاوه‌، كتێبێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ماچكردنی كتێبه‌كه‌دا فرمێسكی چاوه‌كانی به‌سه‌ر رومه‌ته‌كانیدا دێته‌ خواره‌وه‌، هاوڵاتیانی تری گونده‌كه‌ش، به‌ هۆشیارییه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو خانوه‌كانیان، چونكه‌ ده‌ترسن له‌ داڕوخانی كاتێك له‌ ژووره‌وه‌ن.

به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی تر، هاوڵاتییه‌ك به‌ توركمانی قسه‌ ده‌كات، دراوسێیه‌كه‌ی ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌ له‌كاتی چوونه‌وه‌ ژوه‌ره‌وه‌ بۆ خانوه‌كه‌ی هۆشیاری خۆی بێت، چونكه‌ خه‌ریكه‌ داده‌ڕوخێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌چێته‌ ژوره‌وه‌ تا په‌رۆشی دابڕان و نه‌بینینی ماڵه‌كه‌ی بڕه‌وێنێته‌وه‌.

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عیراق (2014-2017)، له‌ سنورێكی به‌رفراوانی عیراق، به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك زیانی زۆری دوای خۆی به‌جێهێشت.

منداڵێك دوای پێنج ساڵ له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خانوه‌كه‌یان له‌گوندی بستاملی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هاوڵاتییه‌كی تری گونده‌كه‌ له‌گه‌ڵ بینینی وێرانكارییه‌كاندا ده‌ڵێت "دوای پێنج ساڵ گه‌ڕاینه‌وه‌، چاوه‌ڕێی شتێكی تر بوین، به‌ڵام توشی سه‌رسوڕمان بوین له‌ قه‌باره‌ی ئه‌و وێرانكارییه‌، ناوچه‌كه‌ به‌ كه‌ڵكی ژیان نه‌ماوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت به‌په‌له‌ ده‌ستبكات به‌ پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی ماڵ و قوتابخانه‌ و هه‌موو شتێك".

سه‌رباری تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆتایی داعش له‌ عیراق، هێشتا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

مه‌تشه‌ر عه‌باس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌م پرۆژه‌ داوه‌ بۆ گوندی بستاملی، له‌ نێویاندا ئاو و كاره‌با، له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دوو قوتابخانه‌".

"گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان ده‌كه‌وێته‌ دوای تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی خوێندكاران، چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوای مانگی شه‌شی ئه‌مساڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وكات داوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ خێزانه‌كان ده‌كرێت و دواتر خه‌ڵكی گونده‌كانی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌" به‌وته‌ی مه‌تشه‌ر عه‌باس.

پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان، به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ نێویاندا پشكنینی ئه‌منی له‌رێی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه‌، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش.

زه‌كه‌ریا موسا، كوڕی موختاره‌كه‌ی گو‌ندی بستاملی وتی "چۆن بتوانین مافی خۆمان وه‌ربگرینه‌وه‌، له‌كاتێكدا هیچ كه‌سێك گرنگی پێنه‌داین له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT