12 داعش له‌ كه‌ركوك كوژران
سه‌رچاوه‌یه‌ك: ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش بوو له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌مریكی

12 داعش له‌ كه‌ركوك كوژران<br>سه‌رچاوه‌یه‌ك: ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش بوو له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌مریكی
عيراق، 2019، هێزێكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عیراق له‌كاتی مه‌شق و راهێناندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی دژه‌تیرۆر

كه‌ركوك ناو

12 چه‌كداری داعش له‌ ناوچه‌یه‌كی كه‌ركوك كوژران، ئه‌وه‌ش له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و عیراق، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت ئاشكرایكرد، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هه‌ینی 19ی نیسان به‌ به‌شداری هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا و هێزێكی هه‌ڵبژێردراوی شه‌ڕكه‌ری عیراقی ئه‌نجامدراوه‌، له‌ گوندی كه‌بیبه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی ده‌ستیپێكردووه‌ و كاتژمێر 7ی به‌یانی هه‌مان رۆژ كۆتاییهاتووه‌، له‌و پێنج كاتژمێره‌دا، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی توند هه‌بووه‌.

"ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ هێزی پیاده‌ و پاڵپشتی ئاسمانی ئه‌نجامدرا، به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان شه‌ش داعش كوژران و سێ چه‌كداریش دیكه‌ش هێزه‌كان به‌دوایانه‌وه‌ن" سه‌رچاوه‌كه‌ واده‌ڵێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئێواره‌ی هه‌ینی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ورده‌كاری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌بێ ئاماژه‌دان به‌ به‌شداری هێزه‌كانی ئه‌مریكا.

وه‌ك له‌و‌ به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌زگای دژه‌تیرۆری عیراق توانیویانه‌ 12 داعش بكوژن، له‌ نێویاندا چوار سه‌ركرده‌ی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌گه‌ڵ خاپوركردنی كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، ئه‌وه‌ش له‌ دۆڵێكی قه‌زای حه‌ویجه‌.

ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش، به‌پێی زانیارییه‌كانی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، ده‌ستیان هه‌بووه‌ به‌ چاندنی بۆمب و ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌.

چه‌كدارانی داعش، له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای حه‌ویجه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك) و چوار ناحیه‌یدا، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2017دا ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT