گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ كه‌ناری مه‌رگ
ساتی هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌لیاس له‌نێو گۆڕە به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی كۆجۆ

ئه‌لیاس ساڵح (47ساڵ)، سه‌یری وێنه‌ی سێ له‌ براكانی ده‌كات له‌ قوتابخانه‌ی كۆجۆ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 15ی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ گوله‌بارانكران فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئیبراهیم ئێزیدی – شنگال

ئەلیاس ساڵح له‌به‌رده‌م چاڵێكی گه‌وره‌دا وه‌ستاوه‌ و به‌چاوی خۆی و به‌ناچاری دیمه‌نی گوله‌بارانكردنی خزم و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌بینێت؛ له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وتنی هه‌ر فیشه‌كێكدا، خزمه‌كانی به‌ پشتدا ده‌كه‌وتنه‌ چاڵه‌كه‌وه‌، ئه‌لیاس و خزمه‌كانی تری چاوه‌ڕێی هه‌مان چاره‌نوس ده‌كه‌ن.

ترسێكی گه‌وره‌‌ له‌ دڵی ئه‌لیاس ساڵحی ٤٧ ساڵدایە، چه‌ند خوله‌كێكی تر گوله‌بارانكردنی وه‌جبه‌ی دووه‌می ئێزیدییه‌كان ده‌ستپێده‌كات، چیرۆكه‌كه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ستیپێكرد، ئه‌و و خێزانه‌كه‌ی له‌یه‌كتر جیاكرانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كوڕە‌ 15 ساڵانه‌كه‌ی، كه‌ ده‌یویست هه‌ر چۆنێك بێت له‌گه‌ڵ باوكی بمێنێته‌وه‌.

دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" ئەوەی دەیەوێت لە کۆجۆ دەیکات، تەنیا یەک شت نەبێت، ئەویش بۆ ساتێکیش نەیتوانی باوەڕی پتەوی گوندنشینان بە ئایینەکەیان لاوازبکات.

سه‌ره‌تا خەڵک روتکردنەوە‌

ئه‌لیاس ساڵح قاسم، كاتژمێر 10ی به‌یانی 15ی ئابی 2014 له‌ ده‌رمانخانه‌كه‌ی خۆی له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال كاریده‌كرد، كاتێك زیاتر له‌ 20 ئۆتۆمبێلی پڕ له‌ چه‌كدارانی داعش به‌ دوو شۆفڵه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ناو گونده‌كه‌.

ئه‌و چاوی له‌ چه‌كداره‌كان بوو كاتێك به‌ په‌له‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان داده‌به‌زین و بڵاوەیانده‌كرد؛ هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌و واده‌یه‌ والی موسڵ بڕیاری "ئازادکردنی" ئێزیدییه‌كانی گوندی كۆجۆی ده‌ركردبوو.

"من هه‌ر له‌ ده‌رمانخانه‌كه‌ی خۆمدا بوم، له‌پڕ كوڕە‌ 15 ساڵانه‌كه‌م خۆی كرد به‌ ژوردا و وتی: باوكه‌ ده‌بێت هه‌مومان بچین بۆ قوتابخانه‌ی كۆجۆ، چه‌كداره‌كان واده‌ڵێن"، ئه‌لیاس وایوت.

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئه‌‌لیاس و كوڕه‌كه‌ی به‌ره‌و قوتابخانه‌ی كۆجۆ به‌ڕێده‌كه‌ون، "كه‌ چوم هه‌موو خه‌ڵكی كۆجۆ له‌وێ كۆكرابونه‌وه‌، منداڵ و ژن و به‌ته‌مه‌ن و خێزانه‌كه‌ی منیش".

له‌قاتی خواره‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌‌دا پیاوان و لە قاتی دووه‌میش ژنان و منداڵان کۆدەکەنەوە.

لە ناوەڕاستی قوتابخانه‌كه‌دا، یەکێک لە سەرکردەکانی داعش (ئەبو حەمزه‌) به‌پێوه ‌و به‌ عه‌ره‌بی لەگەڵ نایف جاسۆ، پیاوماقوڵی گوندی کۆجۆ قسه‌ی ده‌كرد، "لە رۆژی یەکەمەوە ئاگادارمان كردنه‌وه ببن به‌ موسوڵمان، بەڵام قبوڵتان نەکرد، ئێستا بڕیار لە دەستی خۆتاندایه‌"، ئه‌لیاس ده‌ڵێت كاتێك گوێی له‌و قسه‌یه ‌بوو هه‌ستی به‌ئارامیكردووه‌ و پێیوابووه‌ زیان به‌ ئێزیدییه‌كان ناگه‌یه‌نن؛ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌و رۆژە‌، والی موسڵ به‌ نایف جاسۆیان وتبوو "ئێوه‌ ئازادن، هیچتان لێناكرێت"، به‌وته‌ی ئه‌لیاس.

لە رۆژی یەکەمەوە ئاگادارمان كردنه‌وه ببن به‌ موسوڵمان، بەڵام قبوڵتان نەکرد

هه‌مان رۆژ له‌ خوێندنگه‌كه‌دا، ئه‌بو حه‌مزه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێت "هەر کەسێك ببێت بە موسوڵمان ئازادی ده‌كه‌ین"، به‌ڵام ئه‌لیاس ده‌ڵێت كه‌س وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئاماژە‌یه‌ك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییه‌.

داعش پاش كه‌مێكی تر له‌و بانگه‌وازه‌ی ئه‌بو حه‌مزه‌، مۆبایل و پاره‌ له‌ خه‌ڵكی كۆجۆ ده‌ستێنن، ته‌نانه‌ت بازنه‌ و ملوانكه‌ی ژنه‌كانیش، "وتیان ئیتر ریز ببه‌ستن و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌"، ئه‌لیاس ده‌ڵێت به‌وه‌ زۆر دڵخۆشبووه‌ و وایزانیوه‌ ئیتر ئازادده‌كرێن.

گوندێک بە پشتدا دەکەوێت

له‌ خێزانه‌كه‌یدا، ته‌نیا ئه‌لیاس و كوڕە 15 ساڵانه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌كه‌ ده‌رده‌چن، له‌به‌رده‌م مه‌كته‌ب ئۆتۆمبێلێكی كیا وه‌ستابوو و خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌زۆر ده‌كرده‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌.

"كوڕەكه‌م له‌و دیمه‌نه‌ زۆر ترسا، ویستی له‌گه‌ڵ من سه‌ربكه‌وێت، خۆی هه‌ڵدایه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌وە، به‌ڵام رێگرییان لێكرد و جیایانكردینه‌وه‌".

به‌پێی وته‌ی چه‌كداره‌كان، گوایا ده‌یانبه‌ن بۆ چیای شنگال – چیای شنگال ئه‌وكات له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌دا بوو؛ به‌ڵام لەدوری نزیكه‌ی 300 مه‌تر له‌ گونده‌كه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ راده‌‌گرن و وه‌جبه‌ وه‌جبه‌ له‌ نزیك ساترێكی دروستكراو ریزیان ده‌كه‌ن.

"شەش چەکداری داعش وەستابون و هه‌رجاره‌ و وه‌جبه‌یه‌كیان ریز ده‌كرد و گوله‌بارانیان ده‌كردن"، ئه‌لیاس وتی به‌ چاوی خۆی ده‌یبینی خزم و كه‌سوكاری به‌ پشتدا ده‌كوتنه‌ ناو چاڵه‌كه‌وه‌ كاتێك له‌ پێشه‌وه‌ ده‌سترێژی گوله‌یان لێده‌كرا، چه‌ند چه‌كدارێكیش وێنه‌ و ڤیدیۆی دیمه‌نه‌كه‌یان ده‌گرت.

شەش چەکداری داعش وەستابون و هه‌رجاره‌ و وه‌جبه‌یه‌كیان ریز ده‌كرد و گوله‌بارانیان ده‌كردن

"وەجبەی یه‌كه‌م ته‌واوبون و ئێمه‌ش وه‌جبه‌ی دووه‌م بوین، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی تر ریزكراین و ده‌ستڕێژی گوله‌مان لێده‌كرا"، ئه‌لیاس ده‌ڵێت دوو فیشه‌ك به‌ر رانی كه‌وتووه، به‌ڵام قاچی نه‌شكا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كاتێك كه‌وتووه‌ به‌زه‌ویدا خۆی وه‌ك مردوو پیشانداوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان ده‌هاتنه‌ سه‌ریان و ته‌قه‌ی تریان كردووه‌، به‌ڵام فیشه‌كی تری به‌رنه‌كه‌وتووه‌.

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب كۆمه‌ڵكوژی له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا؛ به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش كوژراون.

ئه‌لیاس دەربازدەبێت

ئه‌لیاس دره‌نگانێكی ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ كاتێك دنیا به‌ره‌و تاریك بون ده‌ڕوا، شوێنی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌‌ جێده‌هێڵێت و به‌ برینداری خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ باخێكی نزیك ئه‌و ناوچه‌یه‌ و دواتر هه‌مان شه‌و به‌ره‌و چیای شنگال ده‌ڕوا.

"به‌ مه‌ینه‌تییه‌كی زۆر خۆم گه‌یانده‌ چیای شنگال و له‌وێ چه‌ند خێزانێكی ئێزیدیم بینییەوە".

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: AFP

 

چیای شنگال به‌دوری نزیكه‌ی 23كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری گوندی كۆجۆوە.

رۆژی دواتر به‌ برینداری هێزه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، ئه‌لیاس ده‌گه‌یه‌ننه‌ شاری دێرکی سوریا و له‌وێ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت.

ئه‌و له‌وكاته‌ی سه‌یری وێنه‌ی قوربانییه‌كانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ده‌كرد له‌ قوتابخانه‌ی كۆجۆ، وتی "من رزگارم بوو، به‌ڵام خێزان و منداڵه‌كانم له‌ده‌ستدا".

كۆتایی مانگی ئازار، حكومه‌تی عیراق یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كانی له‌ گوندی كۆجۆ هه‌ڵدایه‌وه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كان 73 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی لێیە له‌گه‌ڵ ده‌یان گۆڕی تاكه‌كه‌سی کارەساتی کۆمەڵکوژییەکەی داعش.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT