له‌ لافاوه‌وه‌ بۆ كه‌مئاوی
ئـاواره‌كان لـه‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا نـاحه‌سێنه‌وه‌

له‌ لافاوه‌وه‌ بۆ كه‌مئاوی<br>ئـاواره‌كان لـه‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا نـاحه‌سێنه‌وه‌
موسڵ، ره‌ونه‌ق زۆر دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی ئاوی پاك ده‌كاته‌ تانكی سه‌ربانی ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌گه‌ڕه‌كی ئاشور له‌ناحیه‌ی به‌رتڵه‌ فۆتۆ: یونسێف

كه‌ركوك ناو

خێزانه‌كه‌ی ره‌ونه‌ق، دوای ته‌واوبونی شه‌ڕ، به‌ ئومێدی گه‌وره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌؛ خانویه‌كی داڕوخاوه‌، به‌بێ ئاو و خزمه‌ت.

ره‌نگه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزیی هاتبێت، به‌ڵام مه‌ینه‌تی ئاواره‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شیاندا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، ده‌مێك به‌ ده‌ست لافاوه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و ئێستاش كه‌وتونه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مئاوی.

ره‌ونه‌ق، ته‌مه‌ن 12 ساڵ، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ گه‌ڕه‌كی ئاشور ده‌ژی له‌ ناحیه‌ی به‌رتڵه‌ (بەدوری 15 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری موسڵ)‌.

له‌ ساڵی 2014دا، ئه‌و خێزانه‌ ناچار بون ماڵه‌كه‌یان به‌جێبهێڵن، دوای بیستنی نزیكبونه‌وه‌ی داعش له‌ شاره‌كه‌یان، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێكی یونسێف.

"زۆر دڵته‌نگ بوم به‌ رۆشتن، به‌ڵام ده‌ترسام له‌ شه‌ڕ، هه‌موو رۆژێك نوێژ و نزام ده‌كرد رۆژێك بێت بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌" ره‌ونه‌ق وای وت.

رائیده‌ شه‌معون و دوو كچه‌كه‌ی، ره‌ونه‌ق و هه‌دیل

ره‌ونه‌ق و خێزانه‌كه‌ی، ساڵێكی ته‌واو، له‌ چیای مه‌تڵه‌ و له‌ ئاواره‌ییدا چاوه‌ڕێی كۆتایی شه‌ڕ بون.

داعش له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا، له‌ نێویاندا به‌رتڵه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی كریستیانن، سێ بژارده‌ی خسته‌ به‌رده‌میان؛ ببنه‌ موسڵمان، باج بده‌ن یان كۆچ بكه‌ن.

رائیده‌ شه‌معون، دایكی ره‌ونه‌ق ده‌ڵێت "گوێمان له‌ ده‌نگی ته‌قه‌ بوو، موشه‌كه‌كانمان ده‌بینی له‌ شه‌ودا، له‌ده‌وروبه‌ر و شاره‌كه‌ماندا وێرانكاری رویدا".

دوای شه‌ڕ و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌رتڵه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2016، دوای دوو ساڵ له‌داگیركاری داعش، خێزانه‌كه‌ی ره‌ونه‌ق و به‌شێكی تر له‌ خێزانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌.

"سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌، شه‌وان نه‌مانده‌توانی بخه‌وین، ده‌بوو بۆ هێنانی ئاو بچینه‌ ده‌ورترین شوێن، چه‌ند كیلۆمه‌ترێك ئاومان هه‌ڵده‌گرت و ده‌مانهێنایه‌وه‌ بۆ خانووه‌كه‌".

رائیده‌ شه‌معون وتی "شتنی منداڵ، پاككردنه‌وه‌ی ماڵ و ته‌نانه‌ت بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و دیوارانه‌ی به‌هۆی ته‌قه‌ و فیشكی زۆره‌وه‌ زیانی به‌ركه‌وتووه‌ به‌بێ ئاو قورسه‌".

ره‌ونه‌ق ده‌ڵێت خێزانه‌كه‌ی بڕی پێویست له‌ ئاوی پاكیان ده‌ستناكه‌وێت

كه‌مئاوی له‌ ناوچه‌كانی باكوری عیراق، به‌ تایبه‌ت له‌ شاره‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیی و به‌رده‌وامه‌كان، چونكه‌ تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ وێران بون و زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، له‌كاتێكدا له‌ وه‌رزی زستانیشدا، به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و لافاوه‌وه‌ ئاو ده‌چێته‌ زۆربه‌ی ماڵه‌كانه‌وه‌.

ره‌ونه‌ق و خێزانه‌كه‌ی، ئێستا له‌ نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا ده‌توانن ئاوی پاكیان ده‌ستبكه‌وێت، "له‌ خوێندنگه‌كه‌شماندا ئاو هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌توانن خه‌ونه‌كانم به‌دیبهێنم و كاتێك گه‌وره‌ بوم ببمه‌ پزیشك" ره‌ونه‌ق وای وت.

ئه‌وه‌ بۆ ره‌ونه‌ق هه‌موو شتێك نیه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئاو هه‌یه‌ به‌ڵام زۆر نیه‌، "ئاوی ته‌واو هه‌یه‌ بۆ شتن و پاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ژیانمان، به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی پێویستی به‌ زیاتر هه‌یه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئاشتی هه‌یه‌، به‌ ئومێدم له‌ داهاتوودا ئاشتی هه‌بێت نه‌ك شه‌ڕ".

رێكخراوی یونسێف به‌ هاوبه‌شی مانگی سوری قه‌ته‌ری، كارده‌كه‌ن بۆ باشكردنی بارودۆخی ژیانی زیاتر له‌ 400 خێزانی گه‌ڕه‌كی ئاشور له‌ به‌رتڵه‌، كه‌ ره‌ونه‌ق تێیدا ده‌ژی، ئه‌وه‌ش له‌رێی دابینكردنی ئاوه‌وه‌.

له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی عیراق، هێشتا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ن، له‌ نێویاندا منداڵ، كه‌ خه‌ون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌بینن، به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ش، په‌یوه‌سته‌ به‌ خزمه‌تگوزاریی له‌ ناوچه‌كانیاندا وه‌ك ئاو و كاره‌با.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT