شنگال؛ 502 خانوو بۆ ئێزیدییه‌كان نۆژه‌نكرایه‌وه‌

شنگال؛ 502 خانوو بۆ ئێزیدییه‌كان نۆژه‌نكرایه‌وه‌
خانویه‌كی زیانلێكه‌وتوو له‌ قه‌زای شنگال دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌

كه‌ركوك ناو

رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، 502 خانووی نۆژه‌نكراوی راده‌ستی هاوڵاتیانی ئێزیدیی كرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی داعشدا زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

ئه‌و خانوانه‌ی قه‌زای شنگال، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ به‌شێكیان روخابون، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی به‌رنامه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆنیشتەجێ مرۆييەكان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێداندا نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌، له‌ مه‌راسیمێكدا راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كرانه‌وه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، هه‌زار و 64 خانووی زیانلێكه‌وتوو نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ له‌ شنگال، به‌ كۆمه‌كی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ش بۆته‌ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر له‌ 13 هه‌زار هاوڵاتی ئاواره‌.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال.

قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

شنگال، نیسانی 2019، راده‌ستكردنه‌وه‌ی خانویه‌كی نۆژه‌نكراوه‌ به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی فۆتۆ: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان

به‌پێی پرۆژه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، جگه‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه‌كان، ماف و ئاسایشی نیشته‌جێبون بۆ‌ خێزانه‌ ئێزیدییه‌كان دابینكراوه‌، له‌گه‌ڵ پێدانی به‌ڵگه‌ی (تاپۆی) خاوه‌ندارێتی خانوه‌كانیان كه‌ پێشتر نه‌یانبووه‌، خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ش، راسته‌وخۆ به‌شداربون له‌ كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا، به‌وه‌ش ده‌رفه‌تی كاریان بۆ ره‌خساوه‌.

داود جوندی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت "ئەم پڕۆژەیە ڕێ خۆشدەکات بۆ ئەوەی خەڵكانی ئێزیدی کە بە ناچاری هەڵاتوون لە کاتی ململانێکاندا هەستبکەن دووبارە پەیوەستکراونەتەوە بە خاك و ماڵ و حاڵی خۆیانەوە".

به‌پێی پرۆژه‌كه‌، 684 هاوڵاتی ئێزیدی، كه‌ سه‌دا 44یان له‌ ئافره‌تان بوون، له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كاندا به‌شداربون وه‌ك ده‌ستی كار.

یوکۆ ئۆتسوکی، سەرۆکی به‌رنامه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێی مرۆیی لە عیراق بە وەكالەت وتی "داننان بە مافەکانی خانوبەرە و نیشتەجێبوندا بۆ ئێزیدییه‌كان.. دەستکەوتێکی ناوازە و بێوێنەیە و ئامڕازێکی پێویستە بۆ برەودان بە گەڕانەوەی زیاتری خەڵك بۆ ناوچەکە".

ژمارەی هاوڵاتیانی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە ‌و كۆچیان كردووە، بەپێی ئاماره‌كانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT