زانكۆی كه‌ركوك خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵای به‌ده‌ستهێنا

زانكۆی كه‌ركوك خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵای به‌ده‌ستهێنا
عه‌باس حه‌سه‌ن ته‌قی، سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا

كه‌ركوك ناو

زانكۆی كه‌ركوك، توانی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك باشترین زانكۆی ئاسیایی له‌ بواری پاڵپشتی و هاوكاری خوێندكاراندا.

دكتۆر عه‌باس حه‌سه‌ن ته‌قی، سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك خه‌ڵاتی ئۆسكاری 2019ی خوێندنی باڵای بۆ زانكۆی كه‌ركوك وه‌رگرت به‌هۆی هاوكارییه‌كانی زانكۆكه‌یه‌وه‌ بۆ له‌خۆگرتنی خوێندكارانی پارێزگاكانی تری عیراق له‌ كاتی شه‌ڕی دژ به‌ داعش، ئه‌وه‌ش له‌ مه‌راسیمێكدا هات له‌ ئیمارات، كه‌ ده‌زگای تایمزی به‌ریتانی له‌ 30 نیسان تا 2ی ئایاری ئه‌مساڵ رێكیخست.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی زانكۆی كه‌ركوك، زانكۆكه‌ له‌ نێو 80 زانكۆ له‌ 21 وڵاتی جیهانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵاته‌كه‌ پاڵێوراوه‌.

خه‌ڵاته‌كه‌ ساڵانه‌ له‌ پێنج بواردا ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر زانكۆكاندا دابه‌شده‌كرێت، له‌وانه‌ ئه‌و زانكۆیانه‌ی ستراتیژێكی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌بووه‌ له‌ناو زانكۆكه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تییان په‌یڕه‌وكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی خوێندكاران بون و به‌ پاكێجێك یارمه‌تی خوێندكارانیان داوه‌، كه‌ زانكۆی كه‌ركوك بۆ ئه‌مه‌ی دواییان پاڵێوراو بوو.

ئه‌و زانكۆیانه‌ی نمونه‌یی بون و كه‌سانی به‌‌توانا به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ڕوی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌ به‌هێز بون، دوو نمونه‌ی تری ئه‌و زانكۆیانه‌ن كه‌ خه‌ڵاته‌كانیان پێده‌درێت.

له‌ ساڵی 2014 تاوه‌كو 2018 زانكۆی كه‌ركوك پێشوازی له‌ 50 هه‌زار خوێندكارانی زانكۆكانی موسڵ، تكریت، دیاله و ئه‌نبار‌ كرد، دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن.

زانکۆی که‌رکوک له‌ ساڵی 2003دا دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تا له‌ چوار کۆلێژ پێکهاتبوو، ئێستا زیاتر له‌ 15 کولێژ و به‌شی جیاواز له‌خۆده‌گرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT