موسڵ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا
ته‌قینه‌وه‌، كوشتنی سێ "خۆكوژ" و ده‌ستگیركردنی 17 داعش

موسڵ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا<br>ته‌قینه‌وه‌، كوشتنی سێ "خۆكوژ" و ده‌ستگیركردنی 17 داعش
نه‌ینه‌وا، 4ی ئایاری 2019، ته‌قینه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلێك له‌ ناوشاری موسڵ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د به‌له‌

 كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

سێ هاوڵاتی له‌ ناوشاری موسڵ برینداربون، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلێكه‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان و هه‌ڵمه‌تی پشكنینیان ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 4ی ئایار له‌ نزیك زانكۆی موسڵ له‌ به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌، ماتۆڕسكیلێك ته‌قییه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، سێ هاوڵاتی برینداربون.

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌موسڵ رایگه‌یاند دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ و به‌بڕیاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، هاتوچۆی ماتۆڕسكیل قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ئه‌و شوێنه‌ی ماتۆڕسكیله‌كه‌ی تێدا ته‌قییه‌وه‌، هه‌مان ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی قوربانی لێكه‌وته‌وه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌منیه‌كان، تائێستا نازانرێت ماتۆڕسكیله‌كه‌ له‌ دوره‌وه‌ و به‌ كۆنتڕۆڵ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ یان له‌ كاتی دانانی بۆمبی چێنراو به‌ ئه‌نجامده‌رانیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی رابردودا له‌ شاری موسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا، چه‌ندین روداوی تری ئه‌منی تۆماركراون.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، 1ی ئایار، هێزێكی تایبه‌تی پۆلیسی نه‌ینه‌وا و حه‌شدی شه‌عبی، توانیویانه‌ دوو خۆكوژی داعش له‌نێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكئاب بكوژن، دوای ئه‌وه‌ی كه‌وتنه‌ كه‌مینه‌وه‌.

كوشتنی ئه‌و دوو خۆكوژه‌، له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیكی گوندی سه‌فاوی بووه‌ له‌ باشوری ناحیه‌ی تل عه‌تبه‌ له‌ نه‌ینه‌وا.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوشدا له‌ گه‌ڕه‌كی ئینتسار له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیویانه‌ چه‌كداری داعش بكوژن كه‌ پشتێنی بۆمبڕێژكراوی به‌ستووه‌، ئه‌وه‌ش دوای راوه‌دونانی و روبه‌روبونه‌وه‌ی، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی پۆلیسی نه‌ینه‌وا.

لیواروكن حه‌مه‌د نامس جبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ له‌ سنوری ناحیه‌ی باشیك، 17 چه‌كداری داعش ده‌ستگیركراون، كاتێك له‌ چه‌ند شوێنێكی ناوشاری موسڵه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و ناحیه‌یه‌ ده‌رچون به‌ ئامانجی هه‌ڵاتن.

ئه‌و روداوانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پارێزگای موسڵ زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌ دۆخێكی ئاڵۆزی ئیداریدایه‌، ئه‌وه‌ش دوای دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار و دروستبونی مشتومڕی لایه‌نه‌كان، له‌چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ 200 كه‌س تێیدا بونه‌ قوربانی و خنكان.

له‌ ئێستادا شانه‌ی قه‌یرانه‌كان نه‌ینه‌وا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ به‌فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ ئازاری ئه‌مساڵ پێكهێنرا له‌ سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس.

شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ حوكمڕانی داعش، له‌ ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT