كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك
كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

كوتله‌ی عه‌ره‌بی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ده‌بنه‌ دوو به‌ره‌ی جیاوازه‌وه‌ و گومان له‌سه‌ر یه‌كتریی دروستده‌كه‌ن، به‌هۆی گۆڕانكاریی له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كاندا.

ده‌ركه‌وتنی ناكۆكییه‌كانی ناو ئه‌و كوتله‌، دوابه‌دوای چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان هات بۆ لابردنی ره‌مله‌ حه‌مید عوبێدی، له‌ جێگری سه‌رۆكی پرۆژه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆی.

له‌ نوسراوێكدا بۆ جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكی به‌ ته‌مه‌ن و كاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌ناوی كوتله‌ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ لابردنی ره‌مله‌ حه‌مید له‌ جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پرۆژه‌كان ودانانی محه‌مه‌د خزر له‌ جێگاكه‌ی.

ئه‌و نوسراوه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌؛ ئه‌وانیش معن محه‌مه‌د، محمه‌د خزر، هاله‌ نوره‌دین و بورهان مه‌زهه‌ر عاسی، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی شه‌ش ئه‌ندام.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

ره‌مله‌ عوبێدی، ئه‌ندامی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره‌ی كوتله‌كه‌یدا، نوسراوێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كردووه‌ و له‌ پێنج خاڵدا ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕیووه‌.

ره‌مله‌ حه‌مید، ئه‌ندامی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

له‌و نوسراوه‌دا ره‌مله‌ عوبێدی ده‌ڵێت هاله‌ نوره‌دین، له‌كاتێكدا واژۆی له‌سه‌ر بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی كردووه‌ به‌ڵام له‌ 2013وه‌ له‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی نه‌ماوه‌.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كردوه‌ هه‌نگاوه‌كانی كوتله‌ی عه‌ره‌بی پێچه‌وانه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆیانه‌ و پێویسته‌ به‌ كۆده‌نگی بڕیار بدرێت.

ره‌مله‌ پرسیاری هۆكاری لابردنی ده‌كات له‌و لێپرسراوێتییه‌ و گومان دروستده‌كات به‌وپێیه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌قۆناغی ئاماده‌كردنی پلان و گواستنه‌وه‌ی بودجه‌دان.

هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی ره‌مله‌ حه‌مید، گومانده‌كرێت ئه‌وه‌ش له‌ژێر فشاردابێت، دوای ئه‌وه‌ی ناوبراو ناڕه‌زایی نیشاندا له‌ داوایه‌كی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسان، راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، داوای له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كرد، ره‌زامه‌ندی نیشان بده‌ن بۆ خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كان، له‌كاتێكدا پڕۆژه‌كان ده‌رخسته‌یان بۆ نه‌كرابوو، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌دواداهات له‌ نێویاندا لیژنه‌ی پڕۆژه‌كان و خودی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌.

بورهان مه‌زهه‌ر عاسی، سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كوتله‌كه‌ی ئێمه‌ وه‌كو كوتله‌كانی تر جێگۆڕكێ به‌ ئه‌ندامانی ده‌كات له‌نێو لیژنه‌كاندا، ئه‌و رێكاره‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ یه‌ك یان دوو ئه‌ندام، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌ندامان ده‌گرێته‌وه‌ و پێمانوایه‌ رێكارێكی زۆر ئاساییه‌".

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ راكان جبوری داوای 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كردبوو بۆ راكێشانی پاره‌كه‌، له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر نیسابی دانیشتنی ئه‌نجومه‌ن ته‌واو نه‌بوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT