كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ سێیه‌مجار شكستیهێنا

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ سێیه‌مجار شكستیهێنا
دیمه‌نێكی نێو شاری كه‌ركوك له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژویی شاره‌كه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، بۆ جاری سێییه‌م شكستیهێنا له‌ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانه‌وه‌.

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی ئایار ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبێته‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك، له‌ نێویاندا گفتوگۆی كۆتایی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی بودجه‌ی پترۆدۆلار، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بونی نیسابه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ نه‌كرا.

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بون نه‌گه‌یشته‌ 20 كه‌س و دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە، هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی پێویستی به‌ ئاماده‌بونی په‌نجا كۆ یه‌كی ئه‌ندامان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ سێیه‌م شكستی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌، دوای ئه‌وه‌ی 23 و 30ی نیسانیش نه‌یتوانی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان كۆبكاته‌وه‌.

هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌ن بۆ كۆبونه‌وه‌ و تاوتوێكردنی بودجه‌ی پترۆدۆلار، له‌كاتێكدایه‌ حکومەتی عیراق بڕی 450 ملیار دیناری وه‌كو به‌شه‌ بودجه‌ی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی پارێزگاكه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ چاوه‌ڕێی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری خه‌رجكردنی له‌سه‌ر بدرێت.

جگه‌ له‌وه‌ش داواكارییه‌كی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بۆ خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار له‌بودجه‌ی پترۆدۆلار بۆته‌ جێی مشتومڕ و رای جیاوازی ئه‌نجومه‌ن.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، 9ى نيسان یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا دوای ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی، ئه‌وه‌ش بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ له‌ نێویاندا بودجه، بڕیاریدا دوای ماوه‌یه‌ك له‌ به‌دواداچونی پلانی پرۆژه‌كان له‌ دانیشتنێكدا ده‌نگدان بۆ خه‌رجكردنی بودجه‌ بدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT