72 كه‌س له‌ نه‌ینه‌وا بۆ سێ پۆست كاندیدن

72 كه‌س له‌ نه‌ینه‌وا بۆ سێ پۆست كاندیدن
نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆسته‌كانی پارێزگار و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی داخست، دوای وه‌رگرتنی ناوی 72 كاندید له‌ نێویاندا ته‌نیا یه‌ك ئافره‌ت.

ناوه‌ڕاستی نیسانی ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ فه‌رمی ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی كرده‌وه‌، به‌هۆی چۆڵبونی ئه‌و پۆستانه‌ بۆ زیاتر له‌ مانگێك و دوای چه‌ند جارێك درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ش‌، 7ی ئایار كۆتایی به‌ پرۆسه‌كه‌ هات.

فه‌هیمه‌ عه‌باس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێش دوو رۆژ ژماره‌ی كاندیده‌كان بۆ پارێزگاری نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 60 كاندیدبون، به‌ڵام هه‌ندێكیان كشانه‌وه‌ و ئێستا 48 كاندید بۆ پۆسته‌كه‌ ماون".

ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ پۆستی جێگری یه‌كه‌می پارێزگار خۆیان كاندید كردووه‌ گه‌یشتۆته‌ حه‌وت كه‌س، ئه‌وانه‌یشی ده‌یانه‌وێت پۆستی جێگری دووه‌می پارێزگار به‌ده‌ستبهێنن 17 كاندیدن، به‌وته‌ی عه‌باس.

مه‌رجه‌کانی خۆکاندیدکردن بۆ ئه‌و سێ پۆسته‌ ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتی عیراقی بێت، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ نیشته‌جیێ پارێزگای نه‌ینه‌وا بێت، هه‌روه‌ها بڕوانامه‌ی‌ به‌کالۆریۆس، یان زیاتری هه‌بێت و ته‌مه‌نی له‌ 30 ساڵ که‌متر نه‌بێت، به‌ ده‌نگی سێ له‌سه‌ر یه‌كی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵده‌بژێردرێت.

فه‌هیمه‌ عه‌باس وتی "له‌ نێو كاندیده‌كاندا ته‌نیا ژنێك خۆی كاندید كردووه‌ بۆ پۆستی پارێزگار، ئه‌ویش جه‌میله‌ عوبێدی (ئه‌ندامی پێشوی په‌رله‌مان‌)ـه‌".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ زۆرینه‌ی كاندیده‌كان حزبین، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ و تائێستا دیارنیه‌ كێ كاندیدی به‌هێزه‌ بۆ پۆستی پارێزگار.

نه‌ینه‌وا، نیسانی 2019، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

له‌ 24ی ئازار، په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاریدا به‌ دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.

بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مان دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری هات له‌ روباری دیجله‌، كه‌ ئێواره‌ی 21ی ئازار به‌ زیاتر له‌ 280 كه‌سه‌وه‌ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له‌ نیوه‌ هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

غه‌زوان داودی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری كۆتایی دادگا ده‌كه‌ین له‌سه‌ر لابردنی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر دادگا بڕیاری دورخستنه‌وه‌یانی په‌سه‌ند كرد ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا پارێزگار و جێگره‌كانی هه‌ڵبژێردرێن".

پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، له ‌ساڵی 2013 به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی نێو کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا دابه‌شكران.

به‌پێی رێککه‌وتنه‌که‌ پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه‌، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه‌ بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.

"كوتله‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ به‌ڵام هێشتا رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی پارێزگار نه‌كراوه‌"، داودی داواشیكرد لایه‌نه‌كان په‌له‌بكه‌ن له‌ رێككه‌وتن تا پرۆسه‌كه‌ زیاتر دوانه‌كه‌وێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وتیشی "به‌پێی زانیاریه‌كانی من پۆستی پارێزگار بۆ كوتله‌ی نه‌هزه‌یه هه‌رچه‌نده‌ 10 كورسی ئه‌نجومه‌نیان هه‌یه‌ به‌ڵام كاندیده‌كانی زۆر به‌هێزن و له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی تر نزیكن له‌ رێككه‌وتن".

هه‌وڵه‌كانی دانانی پارێزگار هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو شكستیهێنا له‌ گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی دواخست، به‌هۆی دروستبونی ناكۆكی له‌ نێوان كوتله‌ جیاوازه‌كاندا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT