چوار ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی و دوو كارمەند كوژران

چوار ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی و دوو كارمەند كوژران
چوار ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی كە ئێوارەی 15ی ئایاری 2019 لە ناحیەی ریاز كوژران

كەركوك ناو

چوار ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی و دوو كارمەند لە قەزای حەویجە كوژران، ئەوەش لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو كە گوماندەكرێت سەر بە داعش بن.

چوار ئەفسەرەكە كاتژمێر شەشی ئێوارەی چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 كوژران، لە گوندی توم سیلان، سەر بە ناحیەی ریاز. دوو كارمەندەكەش لە روداوێكی تردا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناحیەی رەشاد، كە دەكەونە باشوری خۆرئاوای كەركوك.

شانەی راگەیاندنی جەنگی لە بەیاننامەیەكدا لەسەر كوژرانی چوار ئەفسەرەكە، جەختدەكاتەوە لەوەی داعش بە ئەنجامدانی كردەوەكە هەستاون و هاتووە "هێرشە تیرۆریستییەكە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری سلڤادۆری لیوای قەناس بەدەستی پۆلیسی فیدراڵی بووە لەناوچەی سیلان لە ناحیەی ریاز لە باشوری خۆرئاوای كەركوك".

سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارەكان كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە سەر بە رێكخراوی داعشن و یەكەی قەناس بەدەستی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵیان كردۆتە ئامانج".

چەكدارەكان كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە سەر بە رێكخراوی داعشن و یەكەی قەناس بەدەستی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵیان كردۆتە ئامانج

دوان لە ئەفسەرەكان پلەی رائید و نەقیبیان هەیە لەگەڵ دوو ملازم، هەر چواریان لە بۆسەی چەكدارەكانی داعشدا كوژراون.

لە روداوێكی تردا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایار، دوو كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی كوژران، ئەوەش لە هێرشێكدا كە بەپێی راگەیاندنی لیوای 61ی فرقەی تایبەت ئەنجامدەرەكان داعش بون.

شەوی‌ 6ی ئایار، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر خاڵێكی سه‌ربازیی پۆلیسی فیدراڵی، ئه‌وه‌ش له‌ گوندی كه‌ڵوڕ له‌ رێگای نێوان كه‌ركوك-هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری-42كم باكوری كه‌ركوك)، بەهۆیەوە ئەفسەرێك و سێ كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی كوژران.

هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقین و له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ ئه‌منیه‌تی به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوكیان گرتۆته‌ده‌ست.

ئه‌و هێرشانە له‌ كاتێكدایه‌، زیاتر له‌ ساڵێك و نیوه‌ كۆتاییهاتنی داعش له‌ ته‌واوی عیراقدا راگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداریی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك.

روداوه‌كان هەروەها‌ دوای كەمتر لە مانگێك دێن له‌ په‌یامه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دوای ساڵی 2014و له‌وكاته‌ی له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی موسڵ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند، جارێكی تر له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا ده‌ركه‌وت و چه‌ند په‌یامێكی بۆ چه‌كدارانیی داعش و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهان نارد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT