ئەندامانی ژوری "ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان"ی گۆڕان دەستیانلەكاركێشایەوە

ئەندامانی ژوری "ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان"ی گۆڕان دەستیانلەكاركێشایەوە
سلێمانی/بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە فۆتۆ: راگەیاندنی گۆڕان

كەركوك ناو

ئه‌ندامانى ژوری "ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان"ی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیانلەكاركێشایەوە و پێیانوایە بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هیچ پشك و ئەجێندایەكی ئەوتۆی بۆ كەركوك و دوزخورماتوو و ناوچەكانی تری جێناكۆك تیانییە، بۆ ئەوەش بزوتنەوەكەیان تۆمەتباردەكەن.

ئەندامانی ئەو ژورە لە راگەیەنراوێكیاندا ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایار، جەختیانكردەوە "بارودۆخ و رەوشی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، ئێستا هەڕەشە لەسەر خاك و خەڵكەكەی دروستبووە، لە ئەنجامی هەڵە و نادوربینی سیاسەتەكانی یەكێتیی و پارتی و بێهەڵویستی لایەنەكانی تر".

بەپێی راگەیەنراوەكەیان لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو دوای ئەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە، تەعریب سەریهەڵداوەتەوە و هاتووە "بەداخەوە لەكاتی خۆیدا هەوڵێكی زۆرماندا لەگەڵ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئامادەنەبون لەسەر 16ی ئۆكتۆبەری بەیاننامەیەكیش دەربكەن".

ئەو ژورە كە ئەركی ئامادەكردنی توێژینەوە و پێشنیار و چارەسەر بوو بۆ بزوتنەوەكەیان لەبارەی ناوچەكانی جێناكۆك، نیگەرانی خۆیان نیشاندەدەن لەوەی لەسەروبەندی رێككەوتنی گۆڕان و  پارتی لەسەر حكومەت، "سەرەڕای پێشنیارو پێداگری زۆرمان، هیچ پشك و ئەجێندایەكی ئەوتۆ بۆ كەركوك، دوزخورماتوو و ناوچەكانی تری جێناكۆكی تیانەبوو".

"پێمانوایە گۆڕان لەسەر دەستی ئەم سەركردایەتییە لەو راستە رێگایەی خۆی لایداوە كە لەپێناویدا دروستبووە، ئەویش كاركردن بوو بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتیی و دژایەتی گەندەڵیی و پیادەكردنی سیاسیەتێكی كوردستانی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك"، بەپێی راگەیەنراوەكە.

پێمانوایە گۆڕان لەسەر دەستی ئەم سەركردایەتییە لەو راستە رێگایەی خۆی لایداوە

ئەندامانی ئەو ژورە پێكهاتون لە مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی، ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤات و رێكخەری ژوری ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، عەبدولڕەحمان عەبدوڵا، ئەندامی جڤاتی گشتی، لەتیف فاتیح فەرەج، ئەندامی ژوری ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەیاندا، جەختدەكەنەوە لەوەی بەهۆی ئەوەی گۆڕان بەرەو "هەڵدێری گەورەتر دەڕوات... دوای بێهیوابونمان لە گۆڕان و خانەی راپەڕاندن بڕیارماندا وازبهێنن و بەڵێندەدەین لەسەر ئەرك و كاری سیاسی خۆمان بەردەوامبین بۆ هینانەدی ئەو ئامانجەی بڕوامان پێیەتی".

بزوتنەوەی گۆڕان له‌مانگی چواری 2009 وه‌ك نوێترین هێزی سیاسی نێو گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان خۆی ناساند، ئامانج لێی "گۆڕانكاریی" بوو له‌ ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌ی، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2009 بەشداریكرد لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان توانی 25 كورسی بباتەوە.

له‌ 19ی ئایاری 2017، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد‌و وته‌بێژی بزتنه‌وه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ "لەسەر رێباز و بەرنامەی ئەو سەركردە مەزنە بەردەوام دەبێ بۆ خزمەتی كوردستان"، بەڵام لە ئێستادا بزوتنەوەكە روبەڕوی كێشەی ناوخۆیی بۆتەوە و لە ساڵی رابردودا دەیان سەركردەی وازهێنانی خۆیان راگەیاندووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT