له‌ شه‌ش ته‌قینه‌وه‌دا؛ زیاتر له‌ 25 كه‌س كوژران و برینداربون

كه‌ركوك شه‌وێكی پڕ له‌ ئاڵۆزی به‌ڕێكرد

كه‌ركوك شه‌وێكی پڕ له‌ ئاڵۆزی به‌ڕێكرد
كه‌ركوك، شه‌وی 30ی ئایاری 2019، شوێنه‌واری ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌شه‌قامی رێگای به‌غدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ نیو سه‌عاتدا، پێنج ته‌قینه‌وه‌ به‌دوای یه‌كدا ئاڵۆزیی خسته‌ چه‌ند شه‌قامێكی قه‌ره‌باڵغی شاری كه‌ركوكه‌وه‌، جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك كوژراو و بریندار، تا به‌ره‌به‌یانیش خه‌ڵك له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدا بوون.

دوابه‌دوای كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 30ی ئایار، پێنج ته‌قینه‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌ جیاوازه‌كانی شاری كه‌ركوك رویدا، به‌هۆیه‌وه‌ و به‌پێی دوایین ئاماره‌كان؛ سێ كه‌س كوژران و 22ی تر برینداربون، له‌نێویاندا ژنان و كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌بون.

ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و سێ بۆمبی چێنراو ته‌قیونه‌ته‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی قودس و رێگای به‌غدا، دوو بۆمبیش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه".

به‌پێی به‌یاننامه‌ی یه‌كه‌می شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی دوابه‌دوای روداوه‌كه‌، شه‌ش بۆمبی چێنراو له‌ شه‌قامه‌كانی قودس و پارێزگا و رێگای به‌غدا له‌ كه‌ركوك ته‌قیونه‌ته‌وه‌، دوو بۆمبی دیكه‌ش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پوچه‌ڵكرانه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان و كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربون.

به‌پێی به‌دواداچونی مه‌یدانی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو) له‌ كه‌ركوك و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان، پێنج ته‌قینه‌وه‌ رویداوه‌ و هه‌مووی بۆمب بووه‌، كه‌ له‌رێی ئۆتۆمبێلێكی جۆری مۆنیكاوه‌ هه‌ڵدراوه‌ته‌ ناو حاویه‌ی خۆڵ و خاشاك، دواتر ته‌قیونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه؛‌ سێ له‌و ته‌قینه‌وانه‌ كه‌وتۆته‌ شه‌قامی قودس، یه‌كێكیان له‌ شه‌قامی پارێزگا بووه‌ و دوایین ته‌قینه‌وه‌ش له‌ شه‌قامی رێگای به‌غدا نزیكی كۆمه‌ڵگه‌ی تایه‌فرۆشه‌كان رویداوه‌، هه‌روه‌ها دوو بۆمب له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.

له‌ باره‌ی ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌، زانیاری زۆر جیاواز بڵاوكرانه‌وه‌، دوای نزیكه‌ی كاتژمێرێك شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سێ كوژراو و 16 بریندار هه‌یه‌.

په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو) له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئازادی و گشتی كه‌ركوك، له‌ زاری سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ سێ كه‌س كوژراون و 18 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.

به‌پێی دوایین به‌دواداچون و زانیارییه‌كانیش كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) دراون، ژماره‌ی قوربانیان تا كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی 31ی ئایار گه‌یشته‌ سێ كوژراو و 22 بریندار.

لیواروكن سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ كه‌ركوك دوای روداوه‌كه‌ و له‌ شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌دا به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، بارودۆخی كه‌ركوك له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌كانیان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كان.

حه‌ربیه‌ وتی ته‌قینه‌وه‌كان بۆ ئه‌وان چاوه‌ڕوانكراو بووه‌ و زانیاری هه‌واڵگریش هه‌بووه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ رۆژانی پێشتردا له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ گورزیان له‌ داعش وه‌شاندووه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و ناوشاره‌كه‌ دزه‌بكه‌ن و تۆڵه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی كه‌ركوك سوپاسی هاوكاری هاوڵاتیانی كرد بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كان و به‌رپرسیارێتی روداوه‌كانیشی كرده‌ ئه‌ستۆی داعش و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌وان نیه‌تیان به‌رانبه‌ر كه‌ركوك باش نیه‌.

چه‌ند كاتژمێرێك دوای ته‌قینه‌وه‌كان، كه‌ جگه‌ له‌ زیانی گیانی، زیانی زۆری ماددی لێكه‌وته‌وه‌ و چه‌ند ئۆتۆمبێلێكیش سوتان، له‌سه‌ر راسپارده‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و بۆ رێگری له‌ هه‌ر روداوێك زۆربه‌ی بازاڕه‌كانی كه‌ركوك داخران، كه‌ شه‌وانی پێشتر به‌هۆی ره‌مه‌زان و نزیكبونه‌وه‌ی جه‌ژنه‌وه‌ تا به‌ره‌به‌یان كراوه‌ بون.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ په‌یامێكدا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئاسایش و پاراستنی هاوڵاتیان هێڵی سوره‌ و نابێت تێپه‌ڕێندرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كارده‌كه‌ن تا بگه‌ن به‌ ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌كان.

پارێزگاری كه‌ركوك داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ لێدوانی توند و بارودۆخی كه‌ركوك تێكنه‌ده‌ن و به‌پێویستیشی زانی خه‌ڵك هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و له‌ هه‌ر گومانێك ئاگاداریانبكه‌نه‌وه‌.

ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی روداوه‌كانی سوتانی به‌روبومی جوتیاران و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی پارێزگاكه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند هێرشێكی چه‌كداری له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوا كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كرده‌ ئامانج.

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا دوای ته‌قینه‌وه‌كان داوایكرد بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هەڕەشەی تیرۆر بە تایبەت لە شاری كەركوك، كاری هاوبەش و هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دامودەزگەی هەرێم و حكومەتی عیراق هەبێت.

له‌ رۆژانی رابردوشدا، هێزه‌ ئه‌منییه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك، له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ هه‌لمه‌تێكی به‌رفراوانی گه‌ڕان و پشكنینیان ئه‌نجامدا.

هه‌ر پێنجشه‌ممه‌ و له‌ گوندێكی قه‌زای داقوق، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار روبه‌ڕوی داعش بونه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا، هاوڵاتییه‌ك كوژرا و 7ی تر برینداربون، به‌پێی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی.

له‌ هه‌ڵمه‌تێكیشدا له‌ دۆڵی كرجه‌ له‌ كه‌ركوك، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان روبه‌ڕوی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش بونه‌وه‌ و وه‌ك شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی پێنجشه‌ممه‌ 30ی ئایار بڵاویكرده‌وه‌، ده‌ست به‌سه‌ر مۆڵگه‌یه‌كی پڕ له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌.

فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق، له‌ په‌یامێكدا دوای ته‌قینه‌وه‌كان مه‌ترسی خۆی له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركوكه‌وه‌ نیشاندا و داوایكردووه‌، پەلەبکرێت لە توندوتۆڵکردنەوەی دۆخی ئەمنی شارەکە بە پشتبەستن بەهەموو ئەو هێزە یاساییانەی کە لەرابردوودا رۆڵیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیری ناوچەکە لە نێویشیاندا هێزی پێشمەرگە.

هه‌روه‌ها به‌ره‌ی توركمانی له‌ كه‌ركوك، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایكردوه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ دوربكه‌نه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر حسابی شاره‌كه‌ و بۆ دابه‌شكردنی كێكی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر خوێنی خه‌ڵكی بێتاوان، به‌پێویستیشی ده‌زانێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، له‌ سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران لایه‌نی هه‌واڵگری له‌ كه‌ركوك به‌هێزبكه‌ن و خه‌ڵكی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ له‌ سلكی ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كاندا دابنرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT