لە نێویاندا بۆری كەركوك – جەیهان
عیراق بۆرییە كۆنەكانی گواستنەوەی نەوت نۆژەندەكاتەوە

لە نێویاندا بۆری كەركوك – جەیهان<br>عیراق بۆرییە كۆنەكانی گواستنەوەی نەوت نۆژەندەكاتەوە
گڕی كێڵگەیەكی نەوتی باباگوڕگوڕ سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكور فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە بە نۆژەنكردنەوەی هەردوو هێڵی كەركوك – جەیهان و هێڵی ستراتیژی گواستنەوەی نەوت بۆ عەقەبە. ئەوەش بە ئامانجی بەستنەوەی نەوتی هەموو عیراق بەیەكەوە، لە نێویاندا هەناردەی نەوتی كەركوك لەو دوو بۆرییەوە كە لە ئێستادا لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

ئەو زانیارییانە لەڕێی دوو سەرچاوەوە دراوە بە (كەركوك ناو)، كە یەكێكیان لێپرسراوێتی هەیە لە كۆمپانیای نەوتی باكور و ئەوەی تریان سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

سەرچاوەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور، بە (كەركوك ناو)ی وت "حکومەتی عیراق لەڕێی بڕیارێكەوە كە لە هەفتەكانی رابردووەوە لەلایەن وەزیری نەوتەوە دەركراوە، بەنیازە دوو هێڵی ستراتیژی گواستنەوەی نەوت نۆژەنبكاتەوە، كە یەكێك لە ئامانجەكان هەناردەكردنی نەوتی کەرکوکەوە لەو دوو هێڵەوە... تاکو ئێستا دەست بە ئامادەکارییەکانی نەکراوە، بەڵام ئەوەندەی كۆمپانیای نەوتی باكور ئاگادارە بڕیاری لێدراوە و رەنگە بەمنزیكانە كاری نۆژەنكردنەوەكە دەستپێبكات".

ئەو سەرچاوەیە رونیشیكردەوە "بۆری نەوتی كەركوك – جەیهان لە هەندێك شوێن پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی ئاساییە، بەڵام لە هەندێك ناوچەی تر پێویستی بەوەیە جارێكی تر بە سەدان كیلۆمەتر لە نزیك بۆرییە كۆنەكە دروستبكرێتەوە، بەتایبەت لەناو خاكی عیراق و لە سنوری پارێزگای نەینەوا".

بۆری نەوتی كەركوك – جەیهان لە هەندێك شوێن پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی ئاساییە، بەڵام لە هەندێك ناوچەی تر پێویستی بەوەیە جارێكی تر بە سەدان كیلۆمەتر لە نزیك بۆرییە كۆنەكە دروستبكرێتەوە

هێڵی كەركوك – جەیهان كە لەڕێیەوە كۆمپانیای نەوتی باكور هەناردەی نەوتەكەی لێدەكرد، لە ساڵی 2014 روبەڕوی كردەوەی چەكدارانی داعش بۆوە لە پارێزگای نەینەوا و بەهۆیەوە لەكاركەوتووە. ناچار لە ئێستادا بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركوك.

"جگە لەوە بڕیاردراوە هاوكات هێڵی ستراتیژی گواستنەوەی نەوت بۆ عەقەبە جارێكی تر دروستبكرێتەوە، بەپێی بڕیاری وەزارەت هێڵێکی نوێ لە هەمان شوێنی بۆرییە كۆنەكە دروستدەكرێتەوە... ئامانج لە دروستكردنەوەی هێڵی بەسرە – عەقەبە پێكەوە بەستنەوەی نەوتی هەموو عیراقە"، سەرچاوەكە وایوت.

لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ بڕیارێك هەیە بۆ بەستنەوەی نەوتی كەركوك بە هێڵی بەسرە – عەقەبە لە داهاتودا یان بە پێچەوانەوە، سەرچاوەكە وتی "ئەگەر حكومەت بیەوێت دەتوانێت نەوتی کەرکوک لەو رێگایەوە رەوانە بکات، نەک بچێتە هەرێمی کوردستان و لەوێوە رەوانەی جەیهانی تورکی بکات، خۆی ئامانجی نۆژەنكردنەوەی ئەو هێڵانەی گواستنەوەی نەوت. بەستنەوەی نەوتی هەموو عیراقە".

ئەگەر حكومەت بیەوێت دەتوانێت نەوتی کەرکوک لەو رێگایەوە رەوانە بکات، نەک لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە

لە ئێستادا رۆژانە ٨۰ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لەڕێی هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت، بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).

هێڵی ستراتیژی نەوتی بەسرە - عەقەبە، لە ساڵی ۱۹۷۷ەوە دروستکراوە و راستەوخۆ نەوتی بەسرە بە عەقەبە لە ئەردەن دەگەیەنێت. بەڵام لە ساڵی ۲۰۰۳و بەهۆی شەڕی رزگاركردنی عیراق لەكاركەوت.

هاوكات ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی عیراق دەیەوێت بە تێچوی كەمتر نەوتەكەی بگەیەنێتە بازاڕەكانی دەرەوە، رەنگە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانیش كاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو هەوڵەی حكومەتی عیراق بۆ دروستكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك – جەیهان، هەروەها چالاككردنی بۆری گواستنەوەی بەسرە _ عەقەبە".

"ئەوەندەی من بزانم، حكومەتی عیراق یەك دوو ئامانجی هەیە، بێگومان یەكێكیان ئەوەیە چیتر نەوت لەڕێی هەرێمی كوردستانە هەناردەی دەرەوە نەكات، بەتایبەت دوای پابەندنەبونی هەرێم بە یاسای بودجە و رەوانەنەكردنی 250 هەزار بەرمیلەكە بە عیراق، كە رەنگە هەوڵەكانی عیراق زیاتر بكات، هەروەها رەنگە هاوكێشەی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەرییان هەبێت، لەگەڵ تیچوی كەمتری هەناردەكردنی نەوتەكە بۆ حكومەت ئەگەر لەڕێی بۆری نەوتی كەركوك – جەیهانەوە بێت، یان بۆری عەقەبە"، ئەحمەد عەسكەری وایوت.

حكومەتی عیراق یەك دوو ئامانجی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە چیتر نەوت لەڕێی هەرێمی كوردستانە هەناردەی دەرەوە نەكات

لە 14ی نیسانی ئەمساڵ، وەفدێكی باڵای حكومەتی عیراق، بە سەرۆكایەتی سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزه‌ و وەزیرى نەوت، گەیشتنە كەركوك، بەڵام كۆبونەوەكانیان بردە كۆمپانیای نەوتی باكور و تەنیا رێگە بە سێ ئەندامی دیاریكراوی ئەنجومەنی پارێزگا درا لە كۆبونەوەكە بەشداربن، ئەوەش ناڕەزایی  ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كەركوكی لێكەوتەوە لەسەر ناشەفافی كۆبونەوەكان لەبارەی كەركوكەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT