ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ پارەی پترۆدۆلار و پڕۆژەكان كۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ پارەی پترۆدۆلار و پڕۆژەكان كۆدەبێتەوە
كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بڕیارە بۆ پەسەندكردنی پلانی گواستنەوەی سەدا 50ی پارەی پترۆدۆلار كۆببێتەوە، لەگەڵ تاوتوێكردنی پلانی پڕۆژەكانی ساڵی 2019.

بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بڕیارە كۆبونەوەكە كاتژمێر 11ی سبەی سێشەممە 10ی حوزەیران بە سەرۆكایەتی جەمال مەولود، سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كرەكوك بۆ كاروباری دارایی بەڕێوەبچێت.

بەپێی راگەیەنراوەكە، كۆبونەوەكە بۆ دوو پرسە، یەكێكیان پەسەندكردنی پلانی گواستنەوەی سەدا 50ی پارەی تەرخانكراوی پترۆدۆلارە، لەگەڵ تاوتوێكردنی پلانی پڕۆژەكانی ساڵی 2019 (بوژانەوەی هەرێمەكان - پترۆدۆلار) و پەسەندكردنی.

جەمال مەولود، سەرۆکی كاتی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كاروباری دارایی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێدەچێت ئەمجارە رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ كۆبونەوەكە تەواوبکرێت، چونکە هەوڵێکی پێشوەختە هەیە بۆ ئەو مەبەستە".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگا لە سێ هەوڵی رابردویدا شكستیهێناوە لە ئەنجامدانی كۆبونەوە، ئەوەش بەهۆی تەواونەبونی رێژەی یاسایی ئەندامان.

جەمال مەولود وتیشی "پەیام و نامەمان ئاراستەی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن کردووە، تاڕادەیەکی زۆر ئەگەری ئەوە هەیە هەرسێ پێکهاتە سەرەكییەكەی ئەنجومەن ئامادەی دانیشتنەکە ببن، چونكە بۆ پرسێكی گرنگە لەبارەی پارەی پترۆدۆلار و پڕۆژە پێشنیازکراوەکان بۆ ساڵی 2019 کە ماوەیەکی زۆرە لەکاتی خۆیدا دواکەوتووە و هەوڵاتیان تێیدا زەرەرمەندبون".

دواین هەوڵی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، لە 7ی ئایاری رابردودا درا بۆ دانیشتنی ئەنجومەن، بەڵام بۆ جاری سێییه‌م لەسەریەك شكستیهێنا به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانه‌وه‌.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە، هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی پێویستی به‌ ئاماده‌بونی په‌نجا كۆ یه‌كی ئه‌ندامان هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT