10 رۆژە چەند گەڕەكێكی دوزخورماتوو ئاوی پاكیان پێناگات

10 رۆژە چەند گەڕەكێكی دوزخورماتوو ئاوی پاكیان پێناگات
فۆتۆ: راگەیاندنی رێكخراوی unicef لە عیراق

محەمەد ئەڵماس - دوزخورماتوو

ژمارەیەك گەڕەكی دوزخورماتوو 10 رۆژە روبەڕوی كێشەی بێئاوی بونەتەوە، بەهۆیەوە بە تەنكەر ئاو دەكڕن، ئەو كێشەیە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەزاكە هێشتا چارەسەر نەكراوە.

گرفتەكە، گەڕەكەكانی كۆماری – یەكێك لە گەورەترین گەڕەكەكانی قەزاكە-، بنار و هەنجیرە و گەڕەكی تەیارەی گرتۆتەوە، ئەوەش لەكاتێدایە پلەكانی گەرما گەیشتۆتە سەروو 40 پلەی سەدی.

هاوكار حسێن، لە گەڕەكی كۆماری دادەنیشێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "10 رۆژە گەڕەكەكەمان روبەڕوی كیشەی كەمئاوی بۆتەوە، كەشوهەوا زۆر گەرمە و ئاویش نییە، ئەوە ناڕەحەتی كردوین".

دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە ناچار بە تەنكەر ئاو دەكڕن، بۆ هەر تەنكەرێك ئاو بڕی 15 هەزار دینار دەدەن.

ئارى عەلى دانیشتوی هەمان گەڕەك، دەڵێت چەندین جار ئیدارەی قەزاكەیان لەو كێشەیە ئاگاداركردۆتەوە، وتی "گەڕەكەكان زۆرن كە ئەو كێشەیەیان روبەڕوبۆتەوە، هەر بۆیە تەنانەت كڕینی ئاویش دەبێت سەرەی بۆ بگیرێت".

كێشەكە بەپێی وتەی ئەندازیار عسام نەقی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو، بەهۆی تێكچونی هێڵەكانی كارەبای ئاوی قەزاكەوەیە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "هەوڵدەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT