ژیان له‌ خانووه‌ هه‌یكەله‌كاندا
چیرۆكی ئه‌و خێزانانه‌ی ماڵه‌كه‌یان به‌ كۆڵیانه‌وه‌یه‌

كه‌مپێكی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ عیراق فۆتۆ: رێكخراوی خێرخوازی بارزانی

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

عیدۆ موراد شمه‌كه‌كانی ماڵه‌كه‌ی پێچاوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر رۆیشتنه‌، به‌ڵام بۆ زێدی خۆی نا، ئه‌مجاره‌یان ده‌یه‌وێت ژیانی ژێر خێوه‌ت تاقیبكاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی پێنج ساڵی رابردووی ئاواره‌یی له‌ چه‌ند خانویه‌كی ته‌واونه‌كراودا به‌سه‌ربرد.

خێزانه‌كه‌ی عیدۆ، له‌ ئاواره‌ییه‌كه‌ی ئابی 2014ی شنگاله‌وه‌ كه‌ چۆته‌ پارێزگای دهۆك، هیچ ساڵێكیان له‌ یه‌ك شوێنێكدا نه‌بردۆته‌ سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رجاره‌ چونه‌ته‌ خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوه‌وه و دواتر ده‌ركراون.

"ناچاربووین دوای نزیكه‌ی پێنج ساڵ ژیان له‌ناو خانووه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كاندا دوو خێمه‌ بكڕین به‌ 600 هه‌زار دینار، ئه‌وه‌شمان له‌ ده‌وروبه‌ری شاریا داناوه‌ و بۆ جاری ده‌یه‌م ماڵه‌كه‌مان ده‌گوازینه‌وه‌" عیدۆ موراد-ی ته‌مه‌ن 41 ساڵ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌ شاریا كه‌مپێكی گه‌وره‌ی ئاواره‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام عیدۆ و ده‌یان خێزانی تر ئاماده‌نین تێیدا نیشته‌جێبن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی بارودۆخی ژیان و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌.

ژیانمان وه‌كو باڵنده‌ی لێهاتووه‌، هه‌ر چه‌ند مانگێك و له‌ شوێنێكین

عیدۆ موراد، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و حه‌وت منداڵه‌كه‌یدا، چوار كوڕ و سێ كچ، خه‌ڵكی گۆندی تل به‌نات-ـه‌ له‌ قه‌زای شنگال و له‌سه‌ره‌تایی ئاواره‌ییدا چۆته‌ نێو خوێندنگه‌یه‌ك له‌ دهۆك، دواتر له‌وێ ده‌ركراون و خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌.

"خاوه‌نی خانوه‌كه‌ وتی بۆ شه‌ش مانگ تێیدا بمێننه‌وه‌، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی نه‌بوو، بۆیه‌ به‌ نایلۆن و به‌تانی دامانپۆشی، دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ویستی خانوه‌كه‌ ته‌واو بكات و ناچاربوین ماڵ بگوازینه‌وه‌ بۆ خانوه‌یه‌كی تری ته‌واونه‌كراو، له‌وێش بۆ چوار مانگ ماینه‌وه‌".

عیدۆ موراد له‌ماوه‌ی ئاواره‌ییدا، خانو به‌ خانو نۆ جار ماڵی گواستۆته‌وه‌، به‌بێ بێزارییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ڵێت "ژیانمان وه‌كو باڵنده‌ی لێهاتووه‌، هه‌ر چه‌ند مانگێك و له‌ شوێنێكین، به‌رده‌وام له‌ گه‌رانداین بۆ خانوی تر، نازانین بۆ كوێ بچین".

دوایین شوێنی نیشته‌جێبونی عیدۆ و خێزانه‌كه‌ی له‌ خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی دهۆك فۆاۆ: عه‌مار عه‌زیز

هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش له‌ ئابی 2014دا، نزیكه‌ی 400 هه‌زار هاوڵاتی ئێزیدی له‌ زێدی خۆیان به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری قه‌زای شنگال ئاواره‌ كرد، له‌و ژماره‌یه‌ش هێشتا به‌شێكی زۆریان له‌ كه‌مپه‌كان یاخود دور له‌ ماڵه‌كانیان ده‌ژین.

سالم سه‌عید، لێپرسراوی راگه‌یاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی له‌ ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌دا 60ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ ده‌ژین، راسته‌ ئێستا ئاستی دابه‌شكردنی هاوكاری و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئاواره‌كان به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی توانا به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ ئاواره‌كان ئازادن له‌ ناو كه‌مپ یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپدا بن، هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ بیانه‌وێت بچنه‌ ناو كه‌مپ رێگرییان لێناكرێت و ده‌توانن ناوی خۆیان تۆماربكه‌ن له‌و شوێنانه‌ی جێ هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مپه‌كانی شاریا و كه‌به‌رتوو شوێن نه‌ماوه‌.

سه‌دا 60ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ ده‌ژین

ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌سه‌، له‌ سه‌دا 79یان له شاره‌كانی هه‌رێم، له سه‌دا 21یشیان له‌ 29 كه‌مپ نیشته‌جێكراون، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ هه‌ولێر، دواتر دهۆك و پاشان له‌ سلێمانی جێگیربون به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم.

"سێ ساڵه‌ له‌ناو خانووه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان ده‌ژین، حه‌زده‌كه‌ین بچینه‌ كه‌مپی شاریا چونكه‌ كه‌سوكارمان له‌وێن، به‌ڵام لێپرسراوانی كه‌مپه‌كه‌ ده‌ڵێن شوێن نه‌ماوه‌" خه‌یرۆ خدر وای وت.

خه‌یرۆ و خێزانه‌كه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گرعزێری شنگاله‌وه‌ ئاواره‌ی دهۆك بون و بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ كه‌مپی شاریا، ده‌ڵێت پێویسته‌ خۆی خێوه‌ت بكڕێت، چونكه‌ی ئه‌وه‌ خێوه‌ته‌ی پێیده‌درێت زۆر كۆنه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كه‌مپدا ناژین، بێبه‌شن له‌و 17 هه‌زار دیناره‌ی دوو مانگ جارێك هه‌ر ئه‌ندامێكی ئاواره‌ وه‌ریده‌گرێت، خه‌یرۆ وتی "هیچ كه‌سێك ئاگای له‌ ئێمه‌ نیه‌ ته‌نیا خوا ده‌زانێت بارودۆخی ئێمه‌ چۆنه‌، هیچ هاوكارییه‌كمان پێنادرێت".

نه‌ینه‌وا، كه‌مپێكی ئاواره‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش له‌ موسڵ فۆتۆ: IOM

به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌دا 40ی ئاواره‌كانی هه‌رێم له‌ عه‌ره‌بی سونه‌ پێكهاتون، سه‌دا 30 له‌ ئێزیدی، سه‌دا 13 له‌ كوردی موسڵمان، سه‌دا حه‌وت كریستیان، سه‌دا 10 شیعه‌ و ئه‌وانیتر شه‌به‌ك، توركمان و ئه‌رمه‌نن.

لێپرسراوه‌كه‌ی راگه‌یاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی ده‌ڵێت "كڕین و فرۆشتی خێمه قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێكمان به‌وهۆیه‌وه‌ سزاداوه‌، ڕاسته‌ ئێستاش ئه‌و بازاڕه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ دزییه‌وه‌ ده‌كرێت" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانی خه‌یرۆ كه‌ ده‌لێت پێیوسته‌ خێوه‌ت بكڕن تا له‌ كه‌مپدا جێیان ببێته‌وه‌.

سالم سه‌عید وتیشی "خزمه‌تی هه‌موو ئاواره‌ ئێزدییه‌كانی سنوری پارێزگای دهۆك ده‌كه‌ین هه‌تا ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپیش ده‌ژین، به‌ڵام زیاتر گرنگی به‌ ئاواره‌كانی ناو كه‌مپ ده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌وان له‌ ژێر كونتڕۆڵی ئێمه‌دان.. ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ زۆر به‌ربڵاون و ناتوانین وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌شبكه‌ین".

زیاتر گرنگی به‌ ئاواره‌كانی ناو كه‌مپ ده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌وان له‌ ژێر كونتڕۆڵی ئێمه‌دان

هه‌رچه‌نده‌ قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، زێدی عیدۆ موراد و ئاواره‌كانی ئێزیدی له‌ 2015وه‌ كۆنتڕۆڵكراته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، به‌شێكی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

عیدۆ كه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا بۆ جاری ده‌یه‌م ماڵه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌، دادوبێدادی بوو له‌ده‌ست به‌ڵێنی بێ كردار، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی باسی هاوكاریی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن و هیچ ده‌ره‌نجامێكی نییه‌، نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه‌ ته‌نیا بۆ چونه‌ نێو كه‌مپ "نرخی خێمه‌یه‌ك 250 تا 500 هه‌زار دیناره‌ كه‌ ده‌یكڕێت تا له‌وێ نیشته‌جێبیت".

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT