ئەفسەرێك بە تۆمەتی "رفاندن و لاقەكردن"ی كچێك لە كەركوك دەستگیركرا

ئەفسەرێك بە تۆمەتی "رفاندن و لاقەكردن"ی كچێك لە كەركوك دەستگیركرا
دیمەنێكی كەركوك لە ناوەندی شارەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك، دەستگیركردنی ئەفسەرێكیان راگەیاند، كە تۆمەتبارە بە رفاندن و دواتر لاقەكردنی كچێك.

روداوی رفاندنەكە سەرەتای ئەم هەفتەیە بوو، دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لە روداوەكە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیران بە بڕیاری دادوەر ئەفسەرێك كە تۆمەتبار كراوە بەو روداوە دەستگیركرا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی باڵا لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك.

سەرچاوەكە كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە و لێكۆڵینەوەكان، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەكانمان، تۆمەتبارەكە پلەی ئەفسەری هەیە و لەبەردەم دادوەر دانیبەتاوانەكەیداناوە".

تۆمەتبارەكە پلەی ئەفسەری هەیە و لەبەردەم دادوەر دانیبەتاوانەكەیداناوە

تۆمەتبارەكە بەپێی وتەی دەزگا ئەمنییەكان، ئۆتۆمبێلێکى حکومى بۆ رفاندن و دواتر لاقەكردنی كچەكە بەكارهێناوە و دەستبەسەر خۆیی و ئۆتۆمبێلەكەشدا گیراوە.

دوای روداوەكە، لیوا حسێن عه‌بدولهادی،‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى کاروبارى ناوخۆ و ئاسایش لیژنەیەكی لێكؤلینەوەی پێكهێنا بە ‌سه‌رپه‌رشتى عه‌میدى مافپه‌روه‌ر سنان جه‌میل به‌یاتى.

ئەو لیژنەیە بە بڕیاری دادوەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیران، توانیان شوێنی تۆمەتبارەكە و ئۆتۆمبێلەكەی دەشتنیشان بكەن و دەستگیری بكەن.

سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) وتی "هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكە كچەكەی لاقەكردووە".

یەكلاییكردنەوەی روداوەكە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات، كە بەپێی یاسای سزادانی عیراقی دادگایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT