فه‌رمانده‌ی نوێی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان داوای هاوكاری خه‌ڵك ده‌كات

ژماره‌یه‌ك داعش له‌ نه‌ینه‌وا كوژران و ده‌ستگیركران

ژماره‌یه‌ك داعش له‌ نه‌ینه‌وا كوژران و ده‌ستگیركران
نه‌ینه‌وا، 4ی ئایاری 2019، ته‌قینه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلێك له‌ ناوشاری موسڵ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د به‌له‌

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

له‌ یه‌ك هه‌فته‌ی رابردودا، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ستگیركراون و زیاتر له‌ 15 تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، بۆ كۆنتڕۆڵی زیاتری دۆخی ئه‌منیش فه‌رمانده‌ی نوێی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان داوای هاوكاری له‌ خه‌ڵك ده‌كات.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ سنوری نه‌ینه‌وا ده‌ستپێكردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی خۆرئاوا، دوای تۆماركردنی چه‌ندین روداوی ئه‌منی.

لیواروكن نومان عه‌بدولنه‌جم زوبه‌یعی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نه‌ینه‌وا كه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌و پۆسته‌دا ده‌ستبه‌كاربووه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ ناوچه‌ی خزێره‌ هێزه‌كان توانیویانه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش بكوژن دوای راوه‌دونانیان بۆ ناو قه‌زای شه‌رگات".

هه‌روه‌ها هێزێكی هه‌واڵگری، به‌وته‌ی زوبه‌یعی، ئه‌و كه‌سه‌یان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبی رێژكراوی گواسته‌وه‌ بۆ بازاری ره‌بیعه‌ و له‌وێ ته‌قییه‌وه‌.

فه‌رمانده‌ی نوێی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان داوای له‌ هاوڵاتیانی نه‌ینه‌وا كرد هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری بكه‌ن له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا.

هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كان له‌كاتێكدایه‌، چه‌ندین روداوی ئه‌منی له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا له‌ نه‌ینه‌وا تۆماركراون، له‌ نێویاندا ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ نزیك بازاڕی گوندی عه‌وینات له‌ ناحیه‌ی ره‌بیعه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س كوژراون و هه‌شت هاوڵاتی تر برینداربون.

لیواروكن حه‌مه‌د نامس حبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا 12ی حوزه‌یران بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان توانیویانه‌ له‌ ناوچه‌ی حاوی كه‌نیسه‌ له‌ به‌ری راستی موسڵ، داواكراوێكی داعش ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ له‌ریزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا و له‌ قه‌زای شه‌رگات كاریكردووه‌.

هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی رابردودا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی نه‌ینه‌وا توانیویانه‌ 14 داواكراو ده‌ستگیربكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی جیاوازی دزی و رفاندن له‌ ناوچه‌كانی هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پی موسڵ به‌وته‌ی فه‌رمانده‌ی پۆلیس.

دوشه‌ممه‌ی رابردوو 10ی حوزه‌یرانیش له‌ باشوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، كه‌ چه‌ندین موشه‌ك و هاوه‌ن و بۆمبی تێدابووه‌.

سه‌رباری نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌ كۆتایی داعش، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و مه‌ترسی هێرش له‌ چه‌ندین شار به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ جۆرێك هه‌فتانه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازی ده‌بنه‌ قوربانی.

شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ حوكمڕانی داعش، له‌ ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT