هیومان رایتس وۆچ به‌ربه‌سته‌كان ئاشكراده‌كات

ئاواره‌كان بۆچی ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه؟‌

ئاواره‌كان بۆچی ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه؟‌
منداڵێك له‌كاتی شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان له‌ژێر ده‌ستی داعش به‌ئاڵای سپی پێشوازی له‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌كات فۆتۆ: هیومان رایتس وۆچ

 كه‌ركوك ناو

هێشتا ملیۆنێك و 800 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق ئاواره‌ن، سه‌رباری چه‌ند ساڵێك له‌ كۆتایی جه‌نگ، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره زۆرن، به‌پێی به‌داوداچونێكی مه‌یدانی به‌لقیس والی، توێژه‌ی تایبمه‌تمه‌ند له‌ عیراق و لێپرسراوی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا له‌ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، مه‌ترسی ئه‌منی و ترسی تۆڵه‌سه‌نده‌وه‌ به‌شێك له‌ هۆكاره‌كان پێكده‌هێنن.

 

ژماره‌ی ئاواره‌كان

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ لانیكه‌م پێنج ملیۆن و 800 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق ئاواره‌بون، به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، به‌شێكیان بۆ چه‌ندین ساڵ له‌ كه‌مپه‌كاندا مانه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی هیومان رایتس وۆچ بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌و كه‌سانه‌ی هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌ 450 هه‌زار كه‌س له‌ 109 كه‌مپدا ده‌ژین، نزیكه‌ی ملیۆنێك و 200 هه‌زار ئاواره‌ی تر له‌ شوێنه‌كانی تر یاخود شوێنه‌ نافه‌رمییه‌كاندا نیشته‌جێ بون.

موسڵ، 2016، ئاواره‌بونی خه‌ڵك له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعش فۆتۆ: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆره‌ملێ

به‌شێك له‌ خێزانانی ئاواره‌، ناچاركراون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، له‌ كاتێكدا ته‌نیا داروپه‌ردوی خانووه‌ روخاوه‌كانیان ماوه‌.

له‌ گوندی تل ئه‌بوجراد، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ته‌واو وێران بووه‌، 60 خێزانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دوای ده‌ركردنی ئه‌و خێزانانه‌ له‌و شوێنانه‌ی پێشتر تێیدا جێگیربون.

پاساوی لێپرسراوان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆره‌ملێی خێزانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، سه‌رنجی رێكخراو و لایه‌نه‌كان رابكێشن تا هاوكاریی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن.

 

زیندانیكراو له‌ كه‌مپه‌كاندا

پێشتر و له‌ ساڵی 2016دا، هاوڵاتیانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا دڵخۆش بون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراق و وه‌رگرتنی خزمه‌تگوزاری، به‌ڵام دوای سێ ساڵ، گۆڕانكاریی گه‌وره‌ له‌ هه‌ست و هه‌ڵوێستی ئه‌واندا رویداوه‌.

ئه‌و خێزانانه‌ی پێشتر زۆر دڵخۆش بون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئێستا له‌وپه‌ڕی توڕه‌یی و بێئومێدیدان به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات، له‌بری ئه‌وه‌ی پلانی تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بێت، حكومه‌ت هیچی بۆ نه‌كردون، وه‌ك هیومان رایتس وۆچ بڵاویكردۆته‌وه‌.

 

ناوچه‌ی چۆڵكراو

به‌پێی ئاماری ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ بواری مرۆییدا كارده‌كه‌ن، تا به‌هاری 2019، 242 ناوچه‌ی جیاواز له‌ عیراق هیچ خێزانێك بۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان پێنج ساڵه‌ شه‌ڕی تێدا نه‌بووه‌، هۆكارێكی ئه‌وه‌ش بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی داعش و خانووه‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانن كه‌ پاكنه‌كراونه‌ته‌وه‌.

له‌ 94 ناوچه‌ی تر، قه‌ده‌غه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك سزایه‌ك دژی ئه‌وانه‌ی به‌ لایه‌نگری داعش ناوده‌برێن، یان كه‌سێكی نزیكیان لایه‌نگری داعش بووه‌، كه‌ ئه‌وانیش ژماره‌یان به‌ ده‌وروبه‌ری 250 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێت.

نه‌ینه‌وا، 2018، كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌ باشوری موسڵ فۆتۆ: مويسيس سمان/ ماغنوم فوتوز

رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌

له‌ كۆتایی 2018دا، حكومه‌ت به‌ فشار كه‌مپی 18كیلو-ی له‌ ئه‌نبار داخست، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی بدات بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، به‌ڵكو گواسترانه‌وه‌ بۆ كه‌مپێكی تر.

به‌وته‌ی سه‌ربازێكی عیراقی، له‌ 2018دا، ته‌نیا رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ سێ خێزان دراوه‌، ئه‌وه‌ش دوای جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان بۆ هێنانی شایه‌تی كه‌سایه‌تییه‌ك له‌گه‌ڵ 10 شایه‌تی تر، تا بیسه‌لمێنێت لایه‌نگری داعش بووه‌.

ژنێكی به‌ ته‌مه‌ن ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زێدی خۆی له‌ ئه‌نبار، به‌ڵام داوای بڕه‌پاره‌یه‌كی زۆری لێكراوه‌، وتی "من 40 هه‌زار دۆلارم نیه‌ تا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌م"، ده‌یان خێزانی ئاواره‌ هه‌مان چیرۆك ده‌گێڕنه‌وه‌.

 

ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ كه‌مپدا

به‌شێك له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان، بۆته‌ جێی ده‌ستبه‌سه‌ركردن و به‌زۆر هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵك، وه‌ك كه‌مپی ئیسحاقی له‌ سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ لێپرسراوه‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت ناوبانێگێكی "خراپی" هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ئیداره‌ی به‌رێوه‌بردنی تێدا نیه‌.

هیومان رایتس وۆچ كه‌ دوای هه‌وڵێكی زۆر گه‌یشتۆته‌ ئه‌و كه‌مپه‌، له‌ زاری دانیشتویه‌كیه‌وه‌ زانیاری ئه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌، نه‌خۆشی درێژخانه‌یه‌ن به‌ربڵاوه‌، جگه‌ له‌ نه‌بونی سوته‌مه‌نی و ترسی زۆر، ده‌یان كه‌سیان بێسه‌روشوێنكراوه‌.

به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌مپه‌كه‌، حه‌شدی شه‌عبی له‌ 2018دا 56 كه‌سی له‌ كه‌مپه‌كه‌ بردووه‌، كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 17 بۆ 57 ساڵیدا بووه‌، له‌وكاته‌وه‌ هیچ هه‌والێكیان نیه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ، چه‌ند په‌ڕه‌یه‌ك له‌ ده‌فته‌ری تێبینییه‌كانی لێكردۆته‌وه‌ و له‌ گیرفانه‌كانی شاردویه‌تیه‌وه‌، كه‌ ناوی ژماره‌یه‌ك له‌و مێرمنداڵانه‌ی تێدابووه‌ بێسه‌روشوێنكراون، تا پاسه‌وانانی كه‌مپه‌كه‌ له‌كاتی پشكنیندا نه‌یدۆزنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی كه‌مترین رێكخراوه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ و رێگه‌نادرێت زانیاری ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

مۆڵه‌تی ئه‌منی

یه‌كێك له‌ رێگه‌ باوه‌كانی سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ لایه‌نگرێتی داعش، مۆڵه‌ت یاخود رێپێدانی ئه‌منییه‌، كه‌ عیراقییه‌كان پێویستیان پێیه‌تی بۆ گه‌ڕان و جێگۆڕكێ و هه‌ر كاروبارێكی تر، دوای له‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی تر له‌ كاتی شه‌ڕی داعش.

بۆ به‌ده‌ستهێنانی رێگه‌پێدانی ئه‌منی، خێزانه‌كان پێویسته‌ بچنه‌ به‌شی هه‌واڵگری له‌ ناوچه‌كانیان و ناو و داواكاریی پێشكه‌شبكه‌ن، له‌وێ به‌دوای ناوه‌كانیاندا ده‌چن له‌ ریزبه‌ندی ئه‌وانه‌ی داواكراون، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی نزیكیان له‌و لیسته‌دا هه‌بێت، ئه‌وا مۆڵه‌ته‌كه‌یان پێنادرێت له‌هه‌ندێ كاتیشدا ده‌ستگیرده‌كرێن.

به‌پێی خه‌مڵاندنی گروپه‌ فریاگوزارییه‌كان، تا سه‌ره‌تای 2019 لانیكه‌م 156 هه‌زار كه‌س به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان نه‌بووه‌، به‌بێ مۆڵه‌تی ئه‌منی و به‌ڵگه‌نامه‌ش، رێگه‌ به‌ هاتوچۆی ئازادانه‌ هاوڵاتی عیراقیی نادرێت له‌نێو وڵاتدا.

نه‌ینه‌وا، 2017، منداڵانی ئاواره‌ له‌كه‌مپێكی باشوری موسڵ فۆتۆ: هیومان رایتس وۆچ

چاره‌سه‌رێكی باو

له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عیراق، چاره‌سه‌ری كرداریی دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌كان بتوانن مۆڵه‌ت و رێپێدانی ئه‌منی به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌ویش خۆ بێبه‌ریكردنه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان كه‌ له‌ نێو داعشدا بون.

له‌ ئه‌نبار، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئاماده‌یه‌ رێپێدانی ئه‌منی بداته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ لایه‌نگری داعش تۆمه‌تبارده‌كرێن، ئه‌گه‌ر سكاڵا بكات له‌سه‌ر هاوسه‌ر، كوڕ، خوشك و هه‌ر كه‌سێكی نزیكی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌دا بووه‌.

جه‌میله‌، له‌گه‌ڵ كچه‌كانی دژی له‌ كه‌مپێكی ئه‌نبار، ناچاربوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی خۆی رێپێدانی ئه‌منی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ش خۆی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی بێبه‌ری كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ڵبژارده‌ی تر له‌ به‌رده‌مماندا چییه‌؟ ناتوانن تا هه‌تایه‌ وابمێنینه‌وه‌".

به‌پێی لێپرسراوه‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ، ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ گونجاو نیه‌، ناكرێت ژنێك سكاڵا دژی هاوسه‌ره‌كه‌ی بگات له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و مۆڵه‌ته‌ وه‌ربگرن، گره‌نتی نیه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زیدی خۆیان.

دابڕان و ترس له‌ شنگال

له‌ كۆتاییه‌كانی 2018دا، ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌بی سونه‌، روبه‌روی رێگری بونه‌وه‌ بچنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان كه‌ به‌شێكیان له‌ ژێر حوكمڕانی داعشدا مابونه‌ته‌وه‌ و دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی سنوره‌كه‌ ئاواره‌بون، به‌تایبه‌ت كاتێك ئێزیدیه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌.

به‌وته‌ی ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی سونه‌ كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئێزیدی، له‌ ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌یان كێشه‌یان بۆ دروستكراوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ 550 خێزان به‌ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عیراقی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ چوار گوند، به‌ڵام به‌شێكیان له‌لایه‌ن ئێزیدییه‌كانه‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌هاوكاری داعش و به‌شداربون له‌ تاوانه‌كاندا دژی ئه‌و پێكهاته‌یه‌.

ئلیاس، هاوڵاتییه‌كی ئێزیدییه‌ و داوا له‌ خێزانه‌ گه‌ڕێنراوه‌كانی عه‌ره‌بی سونه‌ ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ له‌نێو خۆیاندا دیاریبكه‌ن كه‌ به‌رپرسن له‌ تاوانكاری كاتی داعش، تا ئاڵۆزیی و بارگرژی نه‌مێنێت.

عه‌مار، كه‌ دانیشتوی یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌كانی عه‌ره‌بی سونه‌ی شنگال ده‌ڵێت له‌ مانگی 10ی 2018دا له‌لایه‌ن گروپی چه‌كداری ئێزیدی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ مه‌ڕوماڵاته‌كانیان براوه‌، تا دواتر سوپا ده‌ستوه‌ردانی كردوه‌ و ئاژه‌ڵه‌كانیان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، خێزانێكی ئاواره‌ له‌ خاڵێكی پشكنینی ئه‌منی له‌ باشوری موسڵ فۆتۆ: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا

ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقی، له‌ سه‌ره‌تای 2019دا رایگه‌یاندووه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ شوێنی مانه‌وه‌ بۆ ئه‌و خێزانانه‌ دروستبكه‌ن كه‌ به‌ لایه‌نگری داعش تۆمه‌تبارده‌كرێن، ئه‌وه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبون.

له‌رێی ئه‌و شوێنانه‌وه‌یه‌، به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك هه‌وڵده‌درێت بۆ چاكسازی كۆمه‌لایه‌تی و دوباره‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ كۆمه‌ڵگا، به‌بێ دیاریكردنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی پێویسته‌ خێزانه‌كانیان تێیدا بمێننه‌وه‌.

پێشتر و له‌ 2017دا حكومه‌ت هه‌وڵیداوه‌ كه‌مپی هاوشێوه‌ دروستبكات، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری پرۆژه‌كه‌ بووه‌، ئه‌و جۆره‌ش بیرۆكه‌یه‌كی باش نیه‌، چونكه‌ زۆر هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵك و دژی ئیراده‌یانه‌.

 

ئێستا چی؟

له‌ كۆتایی به‌داوداچونه‌ مه‌یدانییه‌كه‌یدا، به‌لقیس والی، لێپرسراوی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا له‌ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕو، له‌رێی په‌راوێزخستنی خێزانه‌ ئاواره‌كان و رێگری له‌وه‌ی تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ببنه‌وه‌، دوباره‌ كه‌شێكی وادروستده‌كاته‌وه‌ گه‌نجان به‌كاربهێندرێن بۆ ریزه‌كانی داعش.

ئه‌و بۆ مه‌ترسییه‌كانی مامه‌ڵه‌ی ئێستای حكومه‌ت له‌گه‌ڵ خێزانه‌ ئاواره‌كان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌لایه‌نگری داعش تۆمه‌تبارده‌كرێن، نمونه‌ی ئاواره‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی داعش بووه‌، "ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی گه‌وره‌ ده‌بن ده‌بنه‌ به‌ربه‌ری.. پێویسته‌ حكومه‌ت بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان بۆ ده‌ربكات تا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ بتوانن داعش له‌بیربكه‌ن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT