ژوری هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌ خانه‌قین پێكده‌هێنرێت

خانەقین/20ی حوزەیرانی 2019/ هێزە ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن دوای شكستهێنانی پیلانی خۆكوژێك فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

فه‌رمانده‌ و نوێنه‌رانی هێزه‌ جیاوازه‌كانی دیاله‌، بڕیاریاندا به‌ پێكهێنانی ژوری هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌ خانه‌قین و سنوری پارێزگاكه‌ به‌ ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌، دوای تۆماركردنی چه‌ندین روداوی توندوتیژی.

بڕیاری پێكهێنانی ژوری هه‌ماهه‌نگی، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا هات له‌ قه‌زای خانه‌قین كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یران به‌رێوه‌چوو، به‌ ئاماده‌بونی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله‌، سوپای عیراقی، حه‌شدی شه‌عبی، پۆلیس و نوێنه‌ری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

زاهد تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و به‌شداربوی كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ كۆبوونەوەكە هەموو لایەنەكان كۆكبون لەسەر دروستكردنی ژوری هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم هێزە ئەمنیەكان كە لە خانەقین بونیان هەیە، لە پێناو دروستبونی هەماهەنگی و جێبەجێكردنی ئەركی هێزە ئەمنیەكان بەشێوەیەكی كارا".

"لە ئایندەیەكی نزیكدا ژوری هەماهەنگی هاوبەش دروست دەبێت لەسەر ئاستی دیالە، به‌ڵام ئه‌و ژوره‌ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ژوره‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراقه‌وه‌".

شاندی ئه‌منی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ند مانگی رابردودا گفتوگۆیانكرد له‌سه‌ر پێكهێنانی ژوری هاوبه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك، به‌هۆی مه‌ترسی چه‌كدارانی نه‌ناسراوه‌وه‌.

سەرچاوەیەكی باڵای بەشداربووی كۆبونەوەكه‌ی خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر دۆخی خانه‌قین، تا چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و دۆخه‌ بدۆزرێته‌وه‌".

هەموو لایەنەكان كۆكبون لەسەر دروستكردنی ژوری هەماهەنگی

كۆبونه‌وه‌كه‌دا دوای ئه‌وه‌هات، له‌ شه‌وی 20ی حوزه‌یراندا، خۆكوژێك به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ كافتریایه‌كی قه‌ره‌باڵغی سه‌ر روباری ئه‌ڵوه‌ن و خۆی بته‌قێنێته‌وه‌، له‌لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه‌ شكست به‌ هه‌وڵه‌كه‌ی هێنرا.

ناوچەی كۆڕنێش دەكەوێتە سەر روباری ئەڵوەن لە خانەقین و دەیان گازینۆ و كافێی و شوێنی پشودانی لێیەو لە شەواندا ناوچەیەكی قەرەباڵغە.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كاندا، نوێنه‌رانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داوایانكردووه‌ ژوری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی خانه‌قین دروستبكرێت، هێزه‌كانی ئاسایش، پۆلیس و هاتوچۆی هه‌رێم وه‌ك پێش روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كارابكرێنه‌وه، تا له‌ دۆسیه‌ی قه‌زاكه‌دا به‌شداربن.

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له‌ شه‌ش هێز هه‌یه‌ له‌ نێویاندا پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

وسام ئەحمەد، وتەبێژی لیژنەی ئاشتی و خۆشەویستی كە لیژنەیەكی مەدەنیە لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "وەكو لیژنە كۆبوینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فەرماندە سەربازییەكانی پارێزگای دیالە لەسەر دۆخی ئەمنی خانەقین و داوامانكرد دۆسیه‌ی ئه‌منی چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌وه‌ش هێزه‌كانی سه‌ر به‌ هه‌رێم له‌ قه‌زاكه‌ كارابكرێنه‌وه‌".

ئه‌و لیژنه‌یه‌، وه‌ك وسام باسیكرد، پێشنیاری دروستكردنی ژوری هه‌ماهه‌نگییان كردوه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی خانه‌قین، تا رێگریی بكرێت له‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

پێشتر و له‌ 19ی ئایاری ئه‌مساڵدا، هاوڵاتیان و چالاكوانانی خانه‌قین له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ناڕه‌زاییدا، مۆڵه‌تی چه‌ند رۆژێكیان دیاریكرد بۆ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق به‌ده‌م داواكانیانه‌وه‌ بچن، له‌پێناو سه‌قامگیریی و گۆڕانكاری له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌دا.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT