تابلۆی بارەگای دێرینترین حزبی عیراق لە كەركوك هێنرایە خوارەوە

تابلۆی بارەگای دێرینترین حزبی عیراق لە كەركوك هێنرایە خوارەوە
كەركوك/ حوزەیرانی 2019/ بارەگای كۆمیتەی داقوقی حزبی شیوعی لە داقوق

سۆران محەمەد - داقوق

حزبی شیوعی كوردستان - عیراق هێزە ئەمنییەكانی داقوق تۆمەتباردەكات بە داگرتنی تابلۆی سەر بارەگاكەیان بە پاساوی ئەوەی ناوی "كوردستان"ی پێوەبوو، پۆلیس هێشتا ئامادەنییە رونكردنەوە لەسەر ئەو روداوە بدات و هێزەكانی حەشدی شەعبیش دەڵێن ئەوە "كاری پۆلیسی فیدراڵییە".

۲۰ی ئەم مانگە، حزبی شیوعی جارێكی تر بارەگای لە قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك كردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارەگاكە داخرابوو.

سدیق ئەحمەد، لێپرسراوی کۆمیتەی حزبی شیوعی لە کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "23ی مانگ هێزە ئەمنیەکان راسپێردران بۆ لابردنی نوسراوی سەر بارەگای حزبی شوعی، ئەوەش بە بیانوی ناوی کوردستان لەسەر نوسراوەکە، هەر بۆیە ئێمە بە ناچاریی  و لەژێر فشاردا نوسراوی سەر بارەگاكەمان داگرتە خوارەوە، تا ئەوکاتەی نوسراوەکە چاکدەکەین و شرۆڤەی دۆخەکە دەکەین".

ئەوەش لەكاتێكدایە حزبی شیوعی یەكێكە لە دێرینترین حزبە عیراقییەكان و مۆڵەتی رەسمی هەردوو حکومەتی عیراق و کوردستانی هەیە و لە ساڵی 1934 دامەزراوە.

حسێن ده‌روێش، فه‌رمانده‌ له‌ حه‌شدی شه‌عبی بە (که‌رکوک ناو)ی وت "بڕیاری لابردنی تابلۆی باره‌گای حزبی شیوعی له‌سه‌ر بڕیاری هێزه‌کانی پۆلیسی فیدراڵی بووه‌ له‌ سنوری داقوق نەك حەشدی شەعبی".

بڕیاری لابردنی تابلۆی باره‌گای حزبی شیوعی له‌سه‌ر بڕیاری هێزه‌کانی پۆلیسی فیدراڵی بووه‌

دوو رۆژە (كەركوك ناو) دەیەوێت لێدوانی پۆلیسی فیدراڵی وەربگرێت لەسەر ئەو پرسە، بەڵام ئامادەنین قسە بكەن و تائێستا هیچ رونكردنەوەیەكیان لەسەر ئەو پرسە نەداوە.

فه‌رماندەكەی حه‌شدی شه‌عبی وتی "ئێمەش هۆكاری ئەو بڕیارەی پۆلیسی فیدراڵی نازانین، پێدەچێت پۆلیس رونكردنەوەی لەسەر ئەو روداوە هەبێت".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT