كۆمسیۆن: ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك له‌ 2020دا

كۆمسیۆن: ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك له‌ 2020دا
كه‌ركوك، ئایاری 2018، بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تردا له‌ 2020دا، بۆ ئه‌وه‌ش تائێستا زیاتر له‌ 600 هه‌زار هاوڵاتی تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌ و ده‌توانن له‌ ده‌نگداندا به‌شداربن.

تاوتوێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی لیژنه‌ی یاسایی و په‌رله‌مانتارانی پارێزگاكه‌دا هات له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی عیراقی، به‌ ئامانجی گفتوگۆی چاره‌سه‌ری به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پرۆسه‌یه‌، له‌ نێویاندا ناكۆكی پێكهاته‌كان.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا دوشه‌ممه‌ 24ی حوزه‌یران له‌ به‌غدا، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش ئاماده‌بوو، كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد و یه‌كێك له‌و دۆسیه‌یانه‌ی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا باسیكرد، هه‌ڵبژاردن بوو.

ئەڵماس فازڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ پشكی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "باس له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌و داواكارییانه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و كورد هه‌یانه له‌سه‌ر كێشه‌كانی كه‌ركوك".

به‌پێی به‌لاغی كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ راگه‌یاندنی په‌رله‌مان بڵاویكردۆته‌وه‌، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك، هاوشانی پارێزگاكانی تر بكرێت.

رێبوار هادی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك زۆر جێی گرنگییه‌ و مێژووش سه‌لماندویه‌تی قورسه‌ یه‌ك پێكهاته‌ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ بدات ئه‌گه‌ر ئیمكانیه‌تی دارایی، ئیداری، سه‌ربازی و ئه‌منی زۆریش بێت.

به‌غدا، حوزه‌یرانی 2019، كۆبونه‌وه‌ی كۆمسیۆن و په‌رله‌مان بۆ تاوتوێی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: په‌رله‌مان

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی دانیشتوانی كه‌ركوك.

سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا و له‌ نیسانی ساڵی داهاتوو، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تر.

له‌ ئێستاشدا واده‌یه‌كی نوێ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ پێشنیاركراوه‌، ئه‌ویش 20ی نیسانی 2020ـه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام هێشتا ئه‌و واده‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتر په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

ئه‌ڵماس فازڵ ده‌ڵێت هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ بایۆمه‌تری نیه‌، بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماره‌كانیش هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌ته‌كان هه‌یه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گرفتی تر دروستنه‌بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی له‌ پشكی كورد وتی "له‌ ئێستا نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و تورکمان کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن زۆرترین كه‌س بایۆمه‌تری نوێ بکه‌نه‌وه‌ له‌ سنوره‌کانی باشوری که‌رکوک، ئێمه‌ش پشتیوانی له‌ ده‌نگده‌رانی خۆمان ده‌که‌ین هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ پێش چاو ده‌گرین که‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌نگی کورد تۆماربکرێت له‌و تۆماره‌ نوێیه‌دا".

له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، مادده‌ی 35 تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك و له‌ بڕگه‌یه‌كیدا داوای پێداچونه‌وه‌ی به‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا كراوه‌، ئه‌گه‌ریش له‌و ماوه‌یه‌ نه‌كرا لانیكه‌م له‌ شه‌ش مانگ دوای ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵبژێردراو ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت.

هه‌روه‌ها بڕگه‌یه‌ك بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكه‌ دانراوه‌ دوای هه‌ڵبژاردن، به‌جۆرێك ئه‌نجومه‌ن میكانیزمێك دابنێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكان.

به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی نێو په‌رله‌مان خراونه‌ته‌ڕوو، سه‌دا 60ی ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ 600 هه‌زار كه‌س.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق و په‌رله‌مان، له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییی هونه‌ریی و یاساییه‌كانن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كانیش هه‌مواری یاسای هه‌لبژاردنه‌كه‌یه‌.

پێشتر و له‌م مانگه‌دا، چه‌ندجارێك كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ بۆ تاوتوێی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ سه‌روو هه‌مویانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتون به‌ ئه‌نجامی كۆتایی و گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامی ده‌بێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT