رێبوار تاڵەبانی مەیلی گەڕانەوەی هەیە بۆ كەركوك

رێبوار تاڵەبانی مەیلی گەڕانەوەی هەیە بۆ كەركوك
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، لەگەڵ ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، رایدەگەیەنێت كە رۆژێك لە رۆژان نەیوتوە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك و جەختیكردەوە "هەركات بارودۆخەكە بگەڕێتەوە ئاستێكی یاسایی دەگەڕێمەوە".

ئەو وتەیەی تاڵەبانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەموز لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیادا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی تۆمەت و فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردنی قسەی كرد.

رێبوار وتی "سكاڵا و بڕیارەكانی دادگای كەركوك لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنم و بڕیاری زیندانیكردم، باردۆخێكی سیاسی بەسەریدا زاڵبووە و زیاتر لەوەی یاسایی بێت، بەتایبەت دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر... بەهۆی ئەو بارودۆخەوە هەندێك دژایەتی منیان كرد و سكاڵایان كرد لە غیابی یاسادا، بەبێ ئەوەی بوێرن ناوی خۆیان بهێنن و كەسانی نادیار نەبون".

دادگای كه‌تنی كه‌ركوك 26ی كانونی یه‌كه‌می 2018 بڕیاریدا به‌ زیندانیكردنی رێبوار تاڵه‌بانی بە غیابی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، بەڵام دادگای‌ كه‌تنی ره‌سافه دوێنێ یەكشەممە‌ 30ی حوزەیران تۆمەت و فەرمانەكانی هەڵوەشاندەوە.

رێبوار لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "كەیسەكە دوێنێ یەكشەممە كۆتایی پێهات، بەوەی ئەو تۆمەتانە دروستكراو بون و هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تیانەبوو"، بۆ ئەوەش دوجار سوپاسی مەسعود بارزانی كرد كە هەوڵی جدیی داوە، لەوكاتەوەی دادگای كەركوك بڕیاری دەستگیركردن و زیندانیكردنی داوە، ئەوەش لەڕێی ستافێكەوە بۆ پشتگیری رێبوار تاڵەبانی.

كەیسەكە دوێنێ یەكشەممە كۆتایی پێهات، بەوەی ئەو تۆمەتانە دروستكراو بون و هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تیانەبوو

لەبارەی گەڕانەوەی بۆ كەركوك، دوای ئەوەی تۆمەت و بڕیارەكانی سەری هەڵوەشایەوە، تاڵەبانی وتی "هیچ رۆژیك لە رۆژان نەموتوە ناگەڕێمەوە كەركوك، بەڵام وتومە چاوەڕێی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند دەكەم... هەموو رۆژێك وتومە دەبێت سبەی بگەڕێمەوە یان ئەم دەقەیە بگەڕێمەوە، بەس بارودۆخەكە بگەڕێتەوە ئاستێكی دەستوریی و یاسایی".

رێبوار تاڵه‌بانی له ‌ساڵی 2014ه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌کات به‌وه‌کاله‌ت، دوای ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن تۆران له‌ به‌ره‌ی تورکمانی پۆسته‌که‌ی جێهێشت و بووه‌ په‌رله‌مانتاری عیراق.

تاڵەبانی  لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكی جێهێشتووە و لە هەولێر دەژیت، ئەوەش بە پاساوی خراپی دۆخی ئەمنی و سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی لە كەركوك.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT