كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی لەیلان مافە داراییەكانیان لەكاتی خۆیدا پێنادرێت

كەركوك/1ی تەمموزی 2019/ خۆپیشاندانی كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی لەیلان دژی پێشێلكردنی مافەكانیان فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

دەیان كارمەندی كارگەی چیمەنتۆی لەیلان گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا دژی دواخستنی موچەكانیان لەلایەن ئيدارەی كارگەكەوە، هەروەها نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە پێشێلكردنی چەند مافێكی تریان لە نێویاندا كاركردنی زیاتر بە هەمان موچە.

ئەو ناڕەزاییە دوێنی دووشەممە 1ی تەمموز لەبەردەم بینای دیوانی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو و هوتاف و دروشمی جۆراوجۆریان بۆ بە دەستهێنانەوەی مافەكانیان دەوتەوە.

فەلاح جەلال کاکەیی، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیی و کارمەندی کارگەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لە دوو هەفتەیە موچەکانمان لەکاتی خۆیدا دواکەوتووە، هەموو مانگێک ئەوە دوبارەدەبێتەوە، ناڕازین لە ئیدارەی كارگەكە، مافەكانی ئێمە پێشێلدەكرێت و كارگەكەش وردە وردە بەرهەمی كەمدەكات". زیاتر وتی "دەمانەوێت بزانین هۆکاری دواکەوتنی موچەکانمان چییە، جگەلەوە ترسمان هەیە خزمەتی خانەنشینیمان بۆ هەژمار نەکرێت".

دەمانەوێت بزانین هۆکاری دواکەوتنی موچەکانمان چییە؟

کارگەكە دەکەوێتە سنوری ناحیەی لەیلان لە رۆژهەڵاتی كەركوك و بەرهەمی مانگانەی دەگاتە 60 هەزار تەن چیمەنتۆ.

تا ساڵی 2008 حكومەت كارگەكەی بەڕێوەدەبرد، بەڵام لەوە بەدواوە درایە وەبەرهێنێكی بیانی بەگرێبەستی 15 ساڵ و 300 كارمەند كاری تێدادەكەن.

خۆپیشاندەرەكان وتیان لەوكاتەوە ئەوان موچەكانیان دوادەكەوێت.

وشیار سەعدوڵا، یەكێكی تر لە خۆپیشاندەران بە (كەركوك ناو)ی وت "خواردنی مافەكانمان گەندەڵییە، جگە لە دواكەوتنی موچەكانمان پارەی كاری زیادەشمان پێنادەن، بەڵام جاران بۆ هەر كاتژمێرێك كاری زیادە پاداشتیان دەكردین".

پارەی كاری زیادەشمان پێنادەن

پێشتریش چەند جارێك كرێكارەكان خۆپیشاندانیان كردووە بۆ هەمان مەبەست.

فالح جدوع، خۆپیشاندەرێكی تری ئەو كارگەیە، وتی "تەنانەت كاتێك داوای مافی خۆمان دەكەین و خۆپیشاندان دەكەین چاومان لێ سوردەكەنەوە".

نەجات حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پشتیگری خۆپیشاندەرانی كرد و بەڵێنیدا پرسەكەیان بباتە كۆبونەوەكانی ئەنجومەن.

نەجات بە (كەركوك ناو)ی وت "داخوازییەکانی ئەم کارمەندانە شەرعییەو مافی خۆیانە، بەداخەوە ئێمە لە عیراقدا یاسایەکی باشمان هەیە کە تایبەتە بە وەبەرهێنان، بەڵام لە جێبەجێكردنی یاساکاندا گەندەڵی دەکرێت، وەک ئەوەی بەسەر ئەم کارمەندانەدا هاتووە".

وتیشی "بانگهێشتی ئیدارەی کارگەکە دەکەین بۆ ئەنجومەن تا بزانین هۆکاری کەڵەکەبونی ئەم کێشانە چین"، بەڵێنیشیدا داواكارییەكانیان رەوانەی بەغدا بكات.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی بۆچونی ئیدارەی كارگەكە وەربگرێت لەسەر ئەو پرسە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT