هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك زیادیكردووه‌
داهاته‌كه‌ی گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك زیادیكردووه‌<br>داهاته‌كه‌ی گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار
كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا، له‌ دوو مانگی رابردودا زیاتر له‌ 500 هه‌زار به‌رمیل زیادیكردووه‌ و داهاتی فرۆشتنیشی له‌ یه‌ك مانگدا، گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار.

ئه‌و ئاماره‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراقدا هات، ده‌رباره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا بۆ حوزه‌یرانی 2019 و له‌و مانگه‌دا، گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 105 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌ داهاتی زیاتر له‌ شه‌ش ملیار دۆلار.

عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا رونیكردۆته‌وه‌ مانگی رابردوو له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ سێ ملیۆن و 162 هه‌زار و 559 به‌رمیل هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كراوه‌ له‌ توركیا، كه‌ رۆژانه‌ ده‌كاته‌ 105 هه‌زار به‌رمیل.

نه‌وتی خاوی عیراق له‌و مانگه‌دا هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 60.578 دۆلار فرۆشراوه‌ و داهاتی كه‌ركوك ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وت، له‌ ته‌واوی مانگی نیسانی رابردوودا، دوو ملیۆن و 570 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ كرابوو.

پێشتر وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، پلانێكی ئاشكراكرد تا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی پارێزگای كه‌ركوك بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

له‌ ته‌مموزی 2017وه‌ تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، هه‌نارده‌ی نه‌وتی پێنج كێڵگه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه‌ركوك راوستابوو، به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی سنوره‌كه‌ و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا ‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا لەگەڵ كیڵگە نەوتیەكانی قوبەی بابا ‌و جمبور ‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقیدان.

كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووه‌وه‌ و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە‌.

له‌ ساڵی رابردودا و به‌ر له‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم، عیراق هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوكی له‌رێی تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ش به‌ رۆژانه‌ی 30 تا 60 به‌رمیل نه‌وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT