"كۆسرەت رەسوڵ ناوی تەیب جەبار دەداتە بارزانی"
د. عومەر ئینجە: حەزم لێ نییە ببمە پارێزگاری كەركوك

"كۆسرەت رەسوڵ ناوی تەیب جەبار دەداتە بارزانی"<br>د. عومەر ئینجە: حەزم لێ نییە ببمە پارێزگاری كەركوك
ئەندازیار تەیب جەبار، كاندیدی نوێی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك

كەركوك ناو

د. عومەر ئینجە، جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، رایدەگەیەنێت كە ئەو حەزی بە پۆستی پارێزگار نییە، مەگەر حاڵەتێكی تایبەت روبدات. ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی دوو سەرچاوە، كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، ناوی كاندیدێكی نوێ دەداتە مەسعود بارزانی، ئەویش تەیب جەبار، ئەندازیار و شاعیرە.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمموز بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارە هەریەكە لە مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ، هەر ئەمڕۆ كۆببنەوە بۆ كۆتایهێنان بە پرسی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك و ئەگەری زۆری هەیە لەسەر یەكێك لە كاندیدەكان رێكبكەون".

سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "كاندیدی نوێی یەكێتی تەیب جەبارە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ ناوەكەی رادەستی بارزانی دەكرێت... بەپێی گفتوگۆكانی ئەمدواییەش پارتی ئەگەری زۆری هەیە رەزامەندی لەسەر نیشانبدات".

كاندیدی نوێی یەكێتی تەیب جەبارە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ ناوەكەی رادەستی بارزانی دەكرێت

تەیب جەبار، خەڵكی گوندی تەپەلوی باشوری خۆرهەڵاتی كەركوكە و ئەندازیارە، پێشتریش پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەبووە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی دادەنیشیت.

سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بەهەمان شێوە، وتی "ئەو (تەیب جەبار) یەكێكە لە كاندیدەكان، ئەگەری زۆری هەیە پارتی پێی رازی بێت، بەڵام جارێ یەكلایی نەبۆتەوە".

تەیب جەبار، لە ساڵی 1954 لە گوندی تەپەلوو لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە كەركوك خوێندووە و ساڵی 1976 كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە.

هەروەها ناوبراو، شاعیرە و دۆستایەتی هەیە لەگەڵ ئەدەبدا و خاوەنی ژمارەیەك كتێبی ئەدەبییە.

یەكێتیی پێشتر ناوی هەریەكە لە ئەحمەد عەسكەری و كاكەڕەش سدیق، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لیوای جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی پارێزگاكە و د. عومەر ئینجە، جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دوو ی رادەستی پارتی كردبوو، بەڵام هەمویان رەتكرانەوە.

عومەر ئینجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا هیچ کەسێک ئاگادارى نەکردومەتەوە لەوەی کاندیدبم بۆ پۆستى پارێزگاى کەرکوک و سیڤیشم بۆ هیچ لایەن و بۆ هیچ شوێنێک نەناردووە".

زیاتر وتی "ئەگەر حاڵەتێکى تایبەت و گرنگ نەبێت، هیچ حەزم بە پۆستى پارێزگارى کەرکوک نییە و پێمخۆشە لە بوارەکەى  خۆمدا خزمەت بە نەتەوەکانى کەرکوک بکەم".

زیاتر وتی "ئەگەر لە ئەنجامى رێکەوتنى لایەنە سیاسییەکان دیاریبکرێم بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، ئەوە وەک نەتەوە کێشەى هاوکاریکردنم نابێت بۆ کارکردن لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانى شارەكەدا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT