هێزه‌ ئه‌منیه‌كان: له‌ یه‌ك رۆژدا 14 داعش كوژراون

هێزه‌ ئه‌منیه‌كان: له‌ یه‌ك رۆژدا 14 داعش كوژراون
نه‌ینه‌وا، 4ی ئایاری 2019، ته‌قینه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلێك له‌ ناوشاری موسڵ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د به‌له‌

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

ته‌نیا له‌ رۆژێكدا 14 چه‌كداری داعش كوژراون، له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆن و هه‌ڵمه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا له‌ موسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ سنوری نه‌ینه‌وا ده‌ستپێكردووه‌، به‌هۆی تۆماركردنی چه‌ندین روداوی ئه‌منی له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی 3ی ته‌مموز له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی پێشوه‌ختدا، هێزه‌كانی نه‌ینه‌وا توانیوانه‌ ئۆتۆمبێلێكی داعش له‌ناوبه‌رن كه‌ دوو چه‌كداری تێدابووه‌، جگه‌ له‌ كوشتنی پێنج چه‌كداری تری هه‌مان رێكخراو، له‌ نێو تونێلێكدا له‌ خۆرئاوای ناوچه‌ی سه‌خیریات.

سه‌رباری نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌ كۆتایی داعش، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و مه‌ترسی هێرش له‌ چه‌ندین شار به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ جۆرێك هه‌فتانه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازی ده‌بنه‌ قوربانی.

هه‌ر له‌ 3ی ته‌مموز و به‌پێی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، سێ چه‌كداری داعش له‌ ناوچه‌ی جه‌به‌ل مه‌نایف كوژراون له‌ بۆردومانی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، كاتێك ویستویانه‌ هه‌ڵبێن و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان به‌ جێهێشتووه‌.

له‌ زنجیره‌ چیاكانی شێخ ئیبراهیم و له‌ نه‌ینه‌وا، هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی نه‌ینه‌وا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، توانیویانه‌ چوار چه‌كداری داعش له‌ تۆنێلێكدا بكوژن، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی كه‌ 3ی ته‌مموز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ حوكمڕانی داعش، له‌ ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT